ئەمریکا ژمارەی فڕۆکەی B-52 لە بەریتانیا زیاد دەکات

لە پەرەسەندنێکی نوێی سەربازیدا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ژمارەی B-52 لە بەریتانیا گەیاندە 23 فڕۆکە، ئەمەش وەک ئامادەکارییەک بۆ زیادکردنی توانای هێرشبردن لە دوورمەوداوە بۆ سەر ئێران. هاوکات، پێنتاگۆن چەندین هەفتەیە سەرقاڵی داڕشتنی پلانە بۆ ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی زەمینیی سنووردار لە ناو خاکی ئێراندا.

ئەمڕۆ یەکشەممە 29ی ئاداری 2026، دوو بۆمبهاوێژی نوێی جۆری (B-52)ی سەر بە هێزی ئاسمانیی ئەمریکا لە بنکەی فەیر فۆردی شاهانەی بەریتانیا لە ئینگلتەرا نیشتنەوە. بە گەیشتنی ئەم دوو فڕۆکەیە، ژمارەی بۆمبهاوێژە ئەمریکییەکان لەو بنکە ستراتیژییەدا گەیشتە 23 فڕۆکە. ئەم هەنگاوەی واشنتن وەک پەیامێکی روون دەبینرێت بۆ بەهێزکردنی توانای گورزوەشاندنی قورس لە کاتێکدا گرژییەکانی ناوچەکە لە لووتکەدایە.

هەروەها لەسەر ئاستی زەمینی، رۆژنامەی واشنتن پۆست لە زاری بەرپرسانی وەزارەتی جەنگی ئەمریکاوە (پێنتاگۆن) بڵاویکردەوە، کە سوپا خۆی بۆ چەندین هەفتە لە ئۆپەراسیۆنی زەمینی ئامادە دەکات. ئەمە هاوکاتە لەگەڵ گەیشتنی هەزاران سەربازی ئەمریکی و هێزەکانی مارێنز بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.

بەرپرسەکان، کە نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بکرێت، ئاماژەیان بەوە کردووە کە ئەم ئۆپەراسیۆنە نابێتە هۆی داگیرکارییەکی گشتگیر، بەڵکوو پلانەکە بریتییە لە ئەنجامدانی زنجیرەیەک هێرشی چڕ و خێرا لەلایەن هێزە تایبەتەکان و یەکەکانی پیادەوە بۆ سەر ئامانجە هەستیارەکان

بەپێی راپۆرتەکە، پێنتاگۆن چەند هەفتەیەکە سەرقاڵی پەرەپێدانی ئەم پلانە سەربازییە زۆر هەستیارانەیە، بەڵام جێبەجێکردنیان بەستراوەتەوە بە بڕیار و گڵۆپی سەوزی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا. تا ئێستا دیار نییە ئایا ترەمپ رەزامەندی لەسەر تەواوی پلانەکانی پێنتاگۆن دەدات، یان تەنیا بەشێکیان هەڵدەبژێرێت بۆ ئەوەی وەک کارتی فشار لە دانوستانەکاندا بەکاریان بهێنێت.