فوئاد حوسێن: رێگە نادەین خاکەکەمان بۆ هێرشکردنە سەر دراوسێکانمان بەکاربێت
وەزیری دەرەوەی عێراق لە کۆبوونەوەی خولی 165ـی ئەنجوومەنی کۆمکاری عەرەبیدا، هەڵوێستی فەرمیی وڵاتەکەی بەرانبەر بە گرژییەکانی ناوچەکە راگەیاند. جەختی کردەوە کە عێراق پابەندە بە پاراستنی سەروەریی خۆی و رێگە نادات خاکەکەی وەک خاڵی دەستپێکردن بۆ هێرشکردنە سەر هیچ وڵاتێکی دراوسێ بەکاربهێنرێت.
یەکشەممە 29ـی ئاداری 2026، فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق، سەرۆکایەتیی شاندی وڵاتەکەی کرد لە خولی 165ـی کۆبوونەوەکانی ئەنجوومەنی کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی. لە گوتارێکدا، وەزیری دەرەوە سەرنجی خستە سەر مەترسییەکانی پەرەسەندنی سەربازی لە ناوچەکەدا و رایگەیاند: "عێراق نابێتە گۆڕەپانێک بۆ یەکلاکردنەوەی ململانێ ناوچەییەکان و نابێتە لایەنگر لە هیچ جەنگ و کێشەیەکدا."
فوئاد حوسێن پەیامێکی روونی ئاراستەی لایەنە شەڕکەرەکان کرد و گوتی: "حکوومەتی عێراق رێگە نادات خاک و سنوورەکانی بۆ هیچ جۆرە دەستدرێژییەک دژ بە وڵاتانی دراوسێ بەکاربهێنرێت." ئەو دووپاتی کردەوە کە ئەرکی لە پێشینەی حکوومەتی بەغدا، پاراستنی سەروەریی وڵات و رێگریکردنە لە هەر کارێک کە زیان بە ئاسایش و سەقامگیریی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بگەیەنێت.
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا، وەزیری دەرەوەی عێراق جەختی لە قووڵایی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی عەرەبی کردەوە و رایگەیاند: "ئاسایشی وڵاتانی عەرەبی بە بەشێکی دانەبڕاو لە ئاسایشی نیشتمانیی عێراق دادەنێین." ئەم لێدوانانەی وەزیری دەرەوە لە کاتێکدایە کە ناوچەکە لەژێر فشاری جەنگێکی قورسدایە و بەغدا هەوڵ دەدات لە رێگەی دیپلۆماسییەوە وڵاتەکەی لە لێکەوتە وێرانکەرەکانی ململانێی نێوان ئەمریکا و ئێران بە دوور بگرێت.