گرۆسی داوا لە واشنتن دەکات بژاردەی رێککەوتن لەگەڵ تاران هەڵبژێرێت

بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم دەڵێت: ئەو ململانێ و جەنگەی ئێستا لە ئارادایە، ئامانجگەلێکی هەیە کە زۆر لە سنووری چەکە ئەتۆمییەکان فراوانترن. جەختی لەوەش کردەوە، رێککەوتن لەگەڵ ئێران باشترین بژاردەیە بۆ کۆتاییهێنان بە گرژییەکان.

یەکشەممە، 29ـی ئاداری 2026، رافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم، لە لێدوانێکدا، ئاماژەی بەوە کرد، جەنگی ئێستا ئامانجەکانی زۆر لە سنووری چەکە ئەتۆمییەکان تێپەڕی کردووە.

گرۆسی باسی لەوە کرد، کە گەیشتن بە سازان و رێککەوتن دەکرێت چەندین شێوازی جیاواز وەربگرێت، بەڵام پێویستە لایەنە دانوستانکارەکان بڕیاری لەسەر بدەن.

هەروەها گرۆسی لەبارەی پرسی ئەتۆمیی ئێرانەوە گوتی: "ەێککەوتن لەگەڵ تاران باشترین ڕێگەیە، چونکە ئەوان زۆر عەقڵانین و بە توندی بەرگری لە بەرژەوەندییەکانی خۆیان دەکەن.

لە هەمان کاتدا جەختی کردەوە، کە پێویستە بژاردەی یەکەمی ئەمریکا، گەیشتن بێت بە رێککەوتنێکی گشتگیر لەگەڵ ئێران.

ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.

بەڵام ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.