هاکان فیدان: ئەمریکا و ئێران زۆر نزیکن لە رێککەوتن

هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا رایگەیاند، ئەمریکا و ئێران هەوڵ دەدەن لە رێگەی دانوستانەکانیانەوە بگەنە ئەنجامێکی ئەرێنی، ئاماژەی بەوەش کرد، گەیشتن بە رێککەوتن ئێستا لە هەموو کاتێک نزیکترە.

شەممە 30ـی ئایاری 2026، هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا لە لێدوانێکدا رایگەیاند،"هەردوو لایەن ئەمریکا و ئێران دەیانەوێت بگەنە ئەنجامێکی ئەرێنی لە هەوڵە دیپلۆماسییەکان بۆ گەیشتن بە رێککەوتن، ئاماژەی بەوەشکرد رێککەوتنەکە لە ئێستا زیاتر لە هەر کاتێکی دیکە نزیک بووەتەوە." هەروەها گوتی،" تورکیا پشتگیری لە هەوڵەکانی نێوەندگیریی باکستان و قەتەر دەکات لەم پرسەدا".

وەزیری دەرەوەی تورکیا جەختی کردەوە، دوای راگرتنی جەنگ لە نێوان ئێران، ئەمریکا و ئیسرائیل، لە ئێستادا سەرنجەکان زیاتر لەسەر گەرووی هورمزن، ئاشکراشی کرد هەردوولا پلانێکیان داناوە بۆ دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ ئەتۆمییەکان، بەو مەرجەی هاتووچۆی دەریایی لە گەرووی هورمزدا ئاسایی بێتەوە.

فیدان راشیگەیاند، گەمارۆی دەریایی لەسەر گەرووی هورمز فشارێکی زۆر دەخاتە سەر ئەمریکا و ئێران، چونکە کاریگەری راستەوخۆی لەسەر ئاسایشی وزە، نرخە جیهانییەکان، ئاسایشی خۆراک و گەشەی ئابووری هەیە، گوتیشی،" لە ئێستادا ئەم دۆسیەیە لە پێشینەی کارەکاندایە و تەنانەت لە دۆسیەی ئەتۆمیش گرنگترە".

وەزیری دەرەوەی تورکیا پێی وایە گەیشتن بە رێککەوتن لە نێوان تاران و واشنتن بۆ کۆتاییهێنان بە کردەوە دوژمنکارانەکان، دەبێتە هۆی خێراکردنی پرۆسەی دانوستانەکان بۆ رێککەوتنی ئاشتی لە کەرتی غەززە.

لە ئێستادا دانوستانەکانی ئەمریکا و ئێران بە نێوەندگیری باکستان گەشەسەندنی ئەرێنی بەخۆوە دەبینن، ئەمەش لە کاتێکدایە کە باس لە نزیکبوونەوەی لێکتێگەیشتنێکی سەرەتایی دەکرێت بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان، هەرچەندە هێشتا جیاوازی لەسەر هەندێک پرسی سەرەکی وەک بەرنامەی ئەتۆمی و ئازادی هاتووچۆ لە گەرووی هورمزدا ماوە.