ڤێتنام لێبوردنی گشتی بۆ نزیکەی 10 هەزار زیندانی دەردەکات
ئەمڕۆ شەممە، 30ـی ئایاری 2026، حکوومەتی ڤێتنام رایگەیاند، بڕیارە نزیکەی 10 هەزار زیندانی ئازاد بکات، کە ژمارەیەک هاووڵاتی بیانیشیان تێدایە، ئەمەش بە بۆنەی هەڵبژاردنە پەرلەمانییەکانی ئەم دواییەی وڵاتەکەوە.
بەپێی بڕیارێک کە لەلایەن "تۆ لام" سکرتێری گشتیی پارتی شیوعی و سەرۆککۆماری ڤێتنامەوە واژۆ کراوە، لە سەرەتای مانگی حوزەیرانی داهاتوودا 9 هەزار و 950 زیندانی لە چوارچێوەی لێبوردنی گشتیی ئەمساڵدا ئازاد دەکرێن.
لی ڤان توین، یاریدەدەری وەزیری ئاسایشی گشتیی ڤێتنام، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "ئەم لێبوردنە وەک پیرۆزباییەک دێت بۆ سەرکەوتنی کۆنگرەی پارتی شیوعی کە پێنج ساڵ جارێک ساز دەکرێت و هەڵبژاردنەکانی کۆمەڵەی نیشتمانی."
ئەو بەرپرسە ئاماژەی بەوەش کرد، لە نێو ئازادکراوەکانی مانگی داهاتوودا، 63 کەسی بیانی هەن کە 56 پیاو و 7 ئافرەتی خاوەن رەگەزنامەی جیاوازی تێدایە، بەڵام وردەکاری زیاتری دەربارەی وڵاتەکانیان ئاشکرا نەکرد.
ساڵی رابردوو ڤێتنام ژمارەیەکی پێوانەیی لە ئازادکردنی زیندانیان تۆمار کرد، کاتێک زیاتر لە 22 هەزار کەسی ئازاد کرد، ئەوەش بە بۆنەی یادی 50 ساڵەی کۆتاییهاتنی جەنگ (کەوتنی سایگۆن) و یادی 80 ساڵەی سەربەخۆیی وڵاتەکەوە بوو.
بەپێی یاساکانی ڤێتنام، ئەم لێبوردنە گشتییە ئەو زیندانیانە ناگرێتەوە کە بە تۆمەتی هەوڵدان بۆ رووخاندنی حکوومەت یان تیرۆر سزادراون.