یەکێتیی ئەوروپا پشتیوانیی خۆی بۆ وڵاتانی کەنداو رادەگەیەنێت

سەرۆکی ئەنجوومەنی ئەوروپا، رایگەیاند، یەکێتیی ئەوروپا بە تەواوی هاوپشت و هاوسۆزە لەگەڵ وڵاتانی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو (GCC) لە بەرانبەر ئەو هێرشە ئاسمانی و درۆنییانەی کە لە لایەن ئێرانەوە دەکرێنە سەر ناوچەکە. جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە ئەم هێرشانە بە زووترین کات و بەبێ دواکەوتن رابگیرێن.

ئەنتۆنیۆ کۆستا، سەرۆکی ئەنجوومەنی ئەورووپا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (ئێکس) ئاشکرای کرد، کە رۆژی یەکشەممە 29ـی ئاداری 2026، پەیوەندییەکی تەلەفۆنیی لەگەڵ شێخ محەممەد بن زاید ئال نەهیان، سەرۆکی ئیمارات ئەنجام داوە.

لەو پەیوەندییەدا، کۆستا دووپاتی کردووەتەوە کە یەکێتیی ئەورووپا پاڵپشتیی تەواوی ئیمارات دەکات، کە یەکێکە لەو وڵاتانەی بە شێوەیەکی بەرچاو کاریگەر بووە بە هێرشەکانی ئەمدواییە.

ئەم هەڵوێستەی ئەورووپا لە کاتێکدایە کە گرژییەکانی ناوچەکە گەیشتوونەتە ئاستێکی مەترسیدار و وڵاتانی ئەنجوومەنی هاریکاریی کەنداو، کە پێکهاتوون لە بەحرەین، کوەیت، سعوودیە، قەتەر، عومان و ئیمارات، رووبەڕووی هەڕەشەی راستەوخۆی درۆن و مووشەکە بالیستییەکان بوونەتەوە.