تەندروستیی لوبنان: ژمارەی کوژراوانی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەرووی هەزار و 200 کەس بەرزبووەوە
وەزارەتی تەندروستیی لوبنان نوێترین ئاماری قوربانیانی هێرشەکانی ئیسرائیلی بۆ سەر وڵاتەکەی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، تاوەکو ئێستا زیاتر لە هەزار و 200 کەس کوژراون.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 29ـی ئاداری 2026، وەزارەتی تەندروستیی لوبنان لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند: لە سەرەتای دەستپێکی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر خاکی لوبنان لە 2ـی ئەم مانگەوە (ئادار)، تاوەکو ئێستا هەزار و 238 کەس کوژراون.
لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، جگە کوژراوەکان، سێ هەزار و 543 کەسی دیکەش بەهۆی بۆردوومان و هێرشە جیاوازەکانەوە بریندار بوون.
ئەم ئامارە نوێیە لە کاتێکدایە کە گرژی و ئاڵۆزییەکانی سەر سنووری لوبنان و ئیسرائیل بەردەوامییان هەیە و ڕۆژانە ناوچە جیاوازەکانی ئەو وڵاتە دەکرێنە ئامانج، ئەمەش وایکردووە ژمارەی قوربانیان و زیانە گیانییەکان بەردەوام لە هەڵکشاندابێت.