واشنتن پۆست: ستراتیژیی مووشەکیی ئێران داڕماوە

رۆژنامەی "واشنتن پۆست" لە راپۆرتێکی شیکارییدا ئاشکرای دەکات، کە هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل لە ماوەی چوار هەفتەی رابردوودا، گورزی کوشندەیان لە بڕبڕەی پشتی هێزی سەربازیی ئێران وەشاندووە. بەپێی وێنە مانگە دەستکردەکان، توانای تاران بۆ بەرهەمهێنانی مووشەکی نوێ بە تەواوی پەکخراوە و زۆربەی بنکە جێگیرەکانی هاویشتنی مووشەکیش لەناو براون.

بەپێی ئەو لێکۆڵینەوەیەی رۆژنامەی واشنتن پۆست ئەنجامیداوە، چوار ناوەندی سەرەکیی دروستکردنی مووشەکی بالیستی لەگەڵ لانی کەم 29 بنکەی سەکۆی مووشەکی، زیانێکی زۆریان بەرکەوتووە. ئەم هێرشانە نەک تەنیا دامەزراوەکانی سەر زەوییان وێران کردووە، بەڵکوو بەهۆی بۆردوومانکردنی دەروازەی تونێلەکان، دەستگەیشتن بەو مووشەکانەشیان ئەستەم کردووە کە لە ژێر زەویدا کۆگاکراون، ئەمەش وەک گەورەترین شکست بۆ ستراتیژیی سەربازیی تاران هەژمار دەکرێت.

وێنە مانگە دەستکردەکان و شیکاریی پسپۆڕان نیشانی دەدەن کە تەنیا لە کۆمەڵگەی خۆجیر لە رۆژهەڵاتی تاران، لانی کەم 88 دامەزراوەی جیاواز خاپوور کراون، کە ناوەندی بەرهەمهێنانی سووتەمەنیی مووشەک بوون. هەروەها هەریەکە لە کۆمەڵگەی شاهرود بە 28 دامەزراوە، حەکیمییە بە 19 دامەزراوە و پاڕچین بە 12 بنکەی ستراتیژی، گورزی کوشندەیان بەرکەوتووە و توانای کارکردنیان لەدەستداوە.

لە لایەکی دیکەوە، ڕاپۆرتەکە ئاماژە بەوە دەکات کە بنکەی دەریایی خۆرگۆ لەسەر کەنداو و بنکەی ئیمام عەلی لە ڕۆژئاوای ئێران، بە جۆرێک بۆردوومان کراون کە رێگەی دەرچوونی چەک لە تونێلە ژێرزەمینییەکان بۆ سەر زەوی پچڕاوە.

تۆم کاراکۆ، بەرپرسی پڕۆژەی بەرگریی مووشەکی لە سەنتەری CSIS، دەڵێت هەرچەندە هێشتا ئێران مووشەک دەهاوێژێت، بەڵام ئەمە تەنیا نیشانەی بوونی هەندێک سەکۆی جوڵاو و مووشەکی ئامادەکراوە، نەک بەردەوامیی پڕۆسەی بەرهەمهێنان.

شارەزایان هۆشداری دەدەن کە هەرچەندە تاران پێشینەی هەیە لە نۆژەنکردنەوەی خێرای دامەزراوەکانی، بەڵام قەبارەی وێرانکارییەکانی ئەمجارە هێندە گەورەیە، کە دووبارە بنیاتنانەوەی ژێرخانی مووشەکیی ئێران چەندین ساڵ کاتی پێویستە. ئەم داڕمانە سەربازییە وای کردووە کە تاران لە دانوستانە دیپلۆماسییەکاندا لە پێگەیەکی زۆر لاوازدا دەربکەوێت.