وەزارەتی دەرەوەی ئێران: پێشنیازەکانی واشنتن بە هیچ شێوەیەک لۆژیکی نین
عێراقچی: ئیسرائیل و ئەمریکا زانکۆکانی ئێران بۆردوومان دەکەن و دەیانەوێت زانست لەناوبەرن
وەزارەتی دەرەوەی ئێران هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلی بۆ سەر زانکۆکانی وڵاتەکەی وەک نیشانەی بێهیوایی و شکست وەسف کرد و جەختی لەوە کردەوە کە زانست بە بۆمب لەناو ناچێت. هاوکات رایگەیاند کە چیتر متمانە بە هیچ گەرەنتییەک ناکەن و تەنیا پشت بە تواناکانی خۆیان دەبەستن بۆ پاراستنی ئاسایشی نیشتمانیی وڵاتەکەیان.
یەکشەممە 29ـی ئاداری 2026 عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس رەخنەی توندی لە هێرشە نوێیەکانی هاوپەیمانیی ئەمریکا و ئیسرائیل گرت. عێراقچی ئاماژەی بەوە کرد کە دوژمنانی وڵاتەکەی پێشتر زانا ئێرانییەکانیان تیرۆر دەکرد و بنکە ناوەکییەکانیان بۆردوومان دەکرد، بەڵام ئێستا هێرشەکان گەیشتوونەتە ئاستێک کە زانکۆکانیش دەکەنە ئامانج.
عێراقچی لە پەیامەکەیدا گوتی: "ئیسرائیل و هاوبەشە تاوانبارەکەی وای دەبینن کە دەتوانرێت زانست بە بۆمب لەناو ببرێت. ئەم کردەوانەیان تەنیا نیشانەی بێدەسەڵاتی و بێهیوایی ئەوانە و هیچ لە واقیعەکە ناگۆڕێت."
وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی کردەوە کە ئەم جۆرە هێرشانە نەک تەنیا ئێرانییەکان سارد ناکاتەوە، بەڵکوو دەبێتە هۆی ئەوەی گەنجان و زانایانی وڵاتەکە بە پەرۆشییەکی زیاترەوە بەدوای زانست و گەشەپێدانی تواناکانیاندا بڕۆن.
هەروەها ئیسماعیل بەقایی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "ئەو پێشنیازانەی واشنتن کە لە رێگەی لایەنی سێیەمەوە پێمان گەیشتوون، بە هیچ شێوەیەک لۆژیکی نین." ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەزموونەکانی رابردوو دەریانخستووە هیچ گەرەنتییەکی راستەقینە لە ئارادا نییە، بۆیە ئێران ناچارە تەواوی تواناکانی خۆی بەکاربهێنێت بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی جارێکی تر هێرشی نەکرێتە سەر.
بەقایی گوتیشی: "ئێمە دەبێت خۆمان ئاسایشی خۆمان دەستەبەر بکەین." هەروەها رەخنەی لەوە گرت کە ئەمریکا باس لە بابەتگەلێک دەکات کە بەشێکن لە مافە سەرەتایی و رەواکانی گەلی ئێران، ئەمەش بە نەبوونی نیازپاکی لایەنی ئەمریکی وەسف کرد.