کارەبای تاران و چەند پارێزگایەکی دیکە بڕا

وەزارەتی وزەی ئێران ڕایگەیاند، کە بەهۆی هێرش بۆ سەر دامەزراوەکانی کەرتی کارەبا، تەزووی وزە لە تاران و دەوروبەری و پارێزگای ئەلبورز بە تەواوی بڕاوە. ئەم بڕانە لە ناکاوەی کارەبا لە کاتێکدایە کە پێشتر دۆناڵد ترەمپ هەڕەشەی لێدانی وێستگەکانی بەرهەمهێنانی وزەی ئێرانی کردبوو ئەگەر نەگەنە ڕێککەوتن.

ئەمڕۆ یەکشەممە 29ـی ئاداری 2026، وەزارەتی وزەی ئێران لە ڕاگەیەندراوێکدا کە تەلەڤزیۆنی فەرمیی وڵاتەکە پشتڕاستی کردەوە کە پچڕانی کارەبا لە تاران و دەوروبەری و پارێزگای ئەلبورز ڕوویداوە. لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە هۆکارەکەی هێرشکردنە سەر دامەزراوەکانی پیشەسازیی کارەبا بووە و تیمە تەکنیکییەکان لە هەوڵی بەردەوامدان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە و گەڕاندنەوەی وزە بۆ ئەو ناوچانە.

ئەم پەرەسەندنە سەربازییە دوای ئەوە دێت کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، پێشتر مۆڵەتی کۆتایی دابووە تاران و هەڕەشەی کردبوو کە ئەگەر ئێران ڕازی نەبێت بە واژۆکردنی ڕێککەوتنی ئاشتی، ئەوا وێستگەکانی کارەبا دەکاتە ئامانج.

هەرچەندە ترەمپ چەندین جار ئەو مۆڵەتەی درێژکردبووەوە تاوەکوو دەرفەت بە هەوڵە دیپلۆماسییەکان بدات، بەڵام پچڕانی کارەبای تاران و شارە گەورەکان نیشانەی ئەوەیە کە شەڕەکە چووەتە قۆناغی لێدان لە ژێرخانی وزەی وڵاتەکە.