پزیشکیان: سیستەمی دیموکراسیی ئەمریکا کەوتووەتە ژێر هەیمەنەی ئیسرائیل

سەرۆککۆماری ئێران، تیشکی خستە سەر خۆپیشاندانەکانی "نەخێر بۆ پاشاکان" لە ئەمریکا و رایگەیاند: کە گەلی ئەمریکا نایەوێت دیموکراسییەکەیان لە لایەن ئیسرائیلەوە بەڕێوە ببرێت.

یەکشەممە، 29ـی ئاداری 2026، مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری ئێران، لە پەیامێکدا کە لە هەژماری خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بڵاوی کردووەتەوە، داوا لە پسپۆڕانی ئەمریکا دەکات کە دۆناڵد ترەمپ لە واقیعی ناڕەزایەتییەکانی ناو وڵاتەکەی ئاگادار بکەنەوە.

پزیشکیان ئاماژەی بە خۆپیشاندانەکانی ناسراو بە "نەخێر بۆ پاشاکان" کرد و گوتی: "گەلی ئەمریکا لە سیاسەتی ئیسرائیل تووڕەن و بێزارن و نایەنەوێت پاشاکانی ئیسرائیل بەسەر دیموکراسیی ئەمریکادا حوکم بکەن."

ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.

بەڵام ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.