ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم: وێستگەی ئاوی قورسی ئەراک بەهۆی بۆردوومانەوە بە تەواوی لە کار کەوتووە

ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم (IAEA) پشتڕاستی کردەوە کە وێستگەی بەرهەمهێنانی ئاوی قورسی ئێران لە ناوچەی "خونداب" (ئەراک)، بەهۆی هێرشە ئاسمانییەکەی 27ـی ئادارەوە زیانی زۆر سەختی بەرکەوتووە و چیتر توانای کارکردنی نەماوە.

یەکشەممە 29ـی ئاداری 2026، ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا ئاشکرای کرد، کە بەپێی شیکارییە سەربەخۆکانی وێنە مانگە دەستکردەکان، دامەزراوەی بەرهەمهێنانی ئاوی قورسی شەهید رەشیدی لە خونداب (ئەراک) بە تەواوی وێران بووە. ئاژانسەکە جەختی کردەوە کە دامەزراوەکە لە کار کەوتووە و زیانەکان بە ئاستێک نین کە بە زوویی چاک بکرێنەوە.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەش دراوە، کە ئەم وێستگەیە هیچ جۆرە ماددەیەکی ناوەکیی وەک یۆرانیۆم یان پلۆتۆنیۆمی تێدا نەبووە کە پێشتر بە ئاژانسەکە راگەیەندرا بێت، ئەمەش وەک دڵنیاییەک بۆ نەبوونی مەترسیی تیشکدانەوەی ئەتۆمی لە ناوچەکەدا دوای بۆردوومانەکە.

ئەم پەرەسەندنە دوای ئەوە دێت کە سوپای ئیسرائیل رایگەیاندبوو، جارێکی دیکە وێستگەی ئەراکیان کردووەتە ئامانج، چونکە زانیارییان هەبووە کە تاران خەریکی بونیادنانەوەی بووە بە مەبەستی پەرەپێدانی بەرنامەی چەکی ناوەکی. تێکشکانی تەواوەتی ئەم وێستگەیە وەک گورزێکی کوشندە بۆ ژێرخانی ئەتۆمیی ئێران لە قەڵەم دەدرێت، کە یەکێک بوو لە جومگە هەستیارەکانی ئەو وڵاتە بۆ بەدەستهێنانی کەرەستەی سەرەتایی بۆمبی ناوەکی.