مەجید مووسەوی: هێرشەکانمان بۆ سەر پاڵاوگە و کارگەکانی ئیسرائیل بەردەوام دەبن

مەجید مووسەوی، فەرماندەی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسدارانی ئێران
مەجید مووسەوی، فەرماندەی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسدارانی ئێران

فەرماندەی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسدارانی ئێران، رایگەیاند: کە پرۆسەی تۆڵەسەندنەوە لە هێرشکردنە سەر ژێرخانەکانی ئێران دەستی پێکردووە و تا ئێستا چەندین ناوەندی پیشەسازیی ستراتیژی لە ناو خاکی ئیسرائیل کراونەتە ئامانج.

یەکشەممە، 29ـی ئاداری 2026، مەجید مووسەوی، فەرماندەی هێزی ئاسمانیی سوپای پاسدارانی ئێران، لە راگەیەندراوێکدا وردەکاریی هێرشە وەڵامدەرەوەکانی وڵاتەکەی بۆ سەر ژێرخانە پیشەسازییەکانی ئیسرائیل بڵاو کردەوە.

مووسەوی رایگەیاند: کە باجی دەستدرێژی بۆ سەر ژێرخانەکانی ئێران لە رێگەی تێکشکاندنی پیشەسازییە ستراتیژییەکانی "دوژمنی ئەمریکی-ئیسرائیلی" لە ناوچەکەدا دەدرێتەوە.

بە پێی قسەکانی ئەو، تا ئەم ساتە پیشەسازیی کیمیایی "نێوت حوواف" لە ناو خاکە داگیرکراوەکان، پاڵاوگەیەک، دوو کۆمەڵگەی پۆڵا و دوو کۆمەڵگەی زەبەلاحی ئەلەمنیۆم کراونەتە ئامانج. 

فەرماندەکەی سوپای پاسداران جەختی کردەوە، کە ئەم هێرشە "بە ئازارانە" بۆ سەر ئیسرائیل بەردەوام دەبن تا ئەو کاتەی "ئازار لە چاوەکانیاندا" دەبینن.

ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.

بەڵام ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.