ترەمپ ماڵئاوایی كرد

دۆناڵد ترەمپ: شەڕم بۆ ئێوە كرد، بۆ خێزانەكانتان جەنگام

دۆناڵد ترمپ
دۆناڵد ترمپ

K24 – ھەولێر

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆكی ئەمەریكا وتاری ماڵئاوایی پێشكەشكرد و رایگەیاند، ئەو ھێرشەی كرایە سەر كاپیتۆڵ، دەستدرێژی سیاسی بوو و دژی بەھاكانی ئەمەریكا بوو. ئاماژەی بەوەش كرد، ئەو ھێرشانە قبووڵكراو نین.

ترەمپ ئەوەشی خستەڕوو، بە ورەیەكی بەرز و دڵخۆشی و متمانەیەكی بەھێزەوە كۆشكی سپی جێدەھێڵێت. راشیگەیاند، لە سایەی ئەو شەڕەی بۆ ئەمەریكا و گەلی ئەمەریكای كردووە، ئێستا ئەو وڵاتە پارێزراو و سەربەرز و ئازادە.

ترەمپ گوتی: "ھەموو ئەمەریكییەكان ترسان بەھۆی ئەو دەستدرێژییەی كرایە سەر كاپیتۆڵەكەمان، توندوتیژی سیاسی ھێرشكردنە بۆ سەر ھەموو ئەو بەھایانەی ئەمەریكییەكان خۆشیان دەوێن و ھیچ كات قبووڵكراو نییە، ئێستاش، لە ھەموو كاتێك زیاتر دەبێت بەھاكانمان یەكبخەین،و چارەنووسی ھاوبەشمان دابڕێژینەوە".

دۆناڵد ترەمپ، گوتیشی: "من شەڕم بۆ ئێوە كرد، بۆ خێزانەكانتان جەنگام، بۆ وڵاتمان شەڕم كرد، پێش ھەموو شتێك من شەڕم كرد بۆ ئەمەریكا و ھەر شتێك كە لە بەرژەوەندی ئەمەریكادا بێت. ئێستا ئەمەریكا سەلامەت و سەربەرز و ئازادە، لە كاتێكدا خۆم ئامادە دەكەم بۆ رادەستكردنی دەسەڵات بە ئیدارەیەكی نوێ، دەمەوێت بزانن، ئەوەی جووڵانەوەیەی دەستمان پێكرد تازە سەرەتایەكە، ھەرگیز شتێكی وا دروست نەبووە، ئەو متمانەیەی كە دەبێت وڵاتێك خزمەتی ھاووڵاتییانی بكات ھەرگیز كەمنابێتەوە، بەڵكو رۆژ بە رۆژ بەھێزتر دەبێت، بۆ ئەوەی ھەمیشە گەلی ئەمەریكا لە دڵیاندا خۆشەویستییەكی قووڵ و دڵسۆزی بۆ نیشتمان ھەڵبگرن، ئەوكاتە ھیچ شتێك نامێنێت ئەم گەلە نەتوانێت بەدەستی بھێنێت، خۆشەویستیمان بۆ نەریتەكانمان زیاد دەبێت، بیروباوەەڕمان پتەوتر دەبێت، ھەمیشەش دوا رۆژمان رووناك تر دەبێت لە رابردوومان، من لەم شوێنە بە سەربەرزانە و دڵسۆزی و بە خۆشی و گیانێكی گەشبینانە و بڕوایەكی بەرزەوە بۆ وڵات و نەوەكانمان، جێدەھێڵم، كە باشترین داھاتوویان بۆ دێت، جێدەھێڵم، سوپاستان دەكەم و ماڵئاوا، خودا بتان پارێزێت، خودا ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا بپارێزێت".

 

Fly Erbil Advertisment