چوارچێوەی هەماهەنگی: بەکارهێنانی ئاسمانی عێراق بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ رەتدەکەینەوە

لایەنەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی لە نووسینگەی موحسین مەندەلاوی کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیان ئەنجامدا، بۆ تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکانی عێراق و ناوچەکە و هێرشەکانی سەر کۆماری ئیسلامی ئێران.

دووشەممە 30ـی ئاداری 2026، چوارچێوەی هەماهەنگی لە بەیاننامەیەکدا جارێکی دیکە رەتکردنەوەی توندی خۆی بۆ هەر پێشێلکارییەکی سەروەریی عێراق دووپاتکردەوە، بە تایبەتی بەکارهێنانی ئاسمانی عێراق بۆ ئەنجامدانی کاری دوژمنکارانە دژی وڵاتانی دراوسێ، جەختیشی کردەوە، دەبێت عێراق لە ململانێ هەرێمییەکان بەدوور بگرێت و بڕیاری نیشتمانیی سەربەخۆی بپارێزرێت.

هەروەها سەرکۆنەی ئەو هێرشانەی کرد کە کرانە سەر هێزە ئەمنییەکان و بوونە هۆی کوژرانی زیاتر لە 100 کەس، هاوکات داوای پاراستنی دامەزراوە ئەمنییەکان و نێردە دیپلۆماسییەکانی کرد.

سەبارەت بە هێرشەکانی ناوخۆ، چوارچێوەی هەماهەنگی ئاماژەی بەوە کردووە، بە ئامانجگرتنی ماڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و چەند شوێنێکی دیکە، ئاماژەی مەترسیدارن و هەوڵێکی لایەنە دەرەکییەکانە بۆ تێکدانی سەقامگیری و تێکەڵکردنی کارتەکان، ئەمەش پێویستی بە وریایی و هەماهەنگی نیشتمانی زیاتر هەیە.

لەسەر ئاستی سیاسی، چوارچێوەی هەماهەنگی دەستخۆشی لە جووڵەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران کرد بۆ یەکلاکردنەوەی پۆستی سەرۆککۆمار.

هەروەها  داوای لە هەموو هێزە سیاسییەکان کرد پەلە بکەن لەم ئیستحقاقە دەستوورییە و سوود لە وادەی دیاریکراو بۆ کۆبوونەوەی پەرلەمان وەربگرن، تاوەکو کۆتایی بەو چەقبەستووییە سیاسییە بهێنرێت کە زیانی بە وڵات گەیاندووە.