سێنتکۆم: تیمەکانمان بە سەرکەوتوویی کارەکانیان ئەنجامداوە
فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم) رایگەیاند، لە میانی بەڕێوەچوونی ئۆپەراسیۆنی "تووڕەیی داستان ئاسا، تیمەکانی لۆجستی و دابینکاری هێزی دەریایی ئەمریکا لێهاتووییەکی بێوێنەیان لە بەڕێوەبردنی کارەکانیاندا نیشانداوە.
دووشەممە 30ـی ئاداری 2026، فەرماندەیی ناوەندیی هێزەکانی ئەمریکا (سێنتکۆم)، رایگەیاندووە، تیمەکانیان توانیویانە بە سەرکەوتوویی و بەردەوامی، هەموو پێداویستییە سەرەکییەکانی وەک خۆراک، سووتەمەنی، تەقەمەنی و کەرەستەکانی دیکە بۆ کەشتییە جەنگییەکانی ئەمریکا لە سەرانسەری ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دابین بکەن.
سێنتکۆم جەختی کردەوە، ئەم هەوڵە لۆجستییە ستراتیژییە وایکردووە کەشتییە جەنگییەکان بتوانن بە بێ پەککەوتن لە ناو دڵی شەڕ و ئۆپەراسیۆنەکاندا بمێننەوە و ئەرکەکانیان بە سەرکەوتوویی جێبەجێ بکەن.