ئیسرائیل: کارگە و پیشەسازی سەربازی ئێرانمان وێران کردووە

سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، هێرشە ئاسمانییەکانی بۆ سەر کارگە و پیشەسازییە سەربازییەکانی ئێران لە تاران بە بێ وەستان بەردەوامە، ئاماژەی بەوەش کردووە، لە نوێترین شەپۆلدا زیاتر لە 120 جۆر تەقەمەنی و موشەکیان ئاراستەی ئەو شوێنانە کردووە کە بۆ لێکۆڵینەوە و بەرهەمهێنانی چەک بەکاردەهێنرێن.

دووشەممە 30ـی ئاداری 2026، بەگوێرەی بەیاننامەی سوپای ئیسرائیل، دەیان فڕۆکەی جەنگی بە هاوکاری و زانیاری وردی دەزگای هەواڵگری، شەپۆلێکی دیکەی هێرشیان بۆ سەر کارگە و پیشەسازییە سەربازییەکانی ئێران ئەنجامداوە، ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەم هێرشانە ژێرخانی سەربازیی ئێرانیان کردووەتە ئامانج و چڕکراونەتەوە سەر ناوەندەکانی بەرهەمهێنانی چەک و کەرەستەی جەنگی.

لە بەیاننامەکدا باس لەوەکردوە، لە نێو ئەو شوێنانەی کراونەتە ئامانج، بنکەیەکی گەشەپێدانی موشەکی بالیستی و کۆمەڵگەیەکی پیشەسازیی سەر بە سوپای پاسداران هەبوون کە بۆ لێکۆڵینەوە لە سیستەمی موشەکی و سەکۆی هەڵدانی مانگی دەستکرد بەکاردەهێنران، هەروەها چەندین کۆگای هەڵگرتنی موشەک و سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ئێران بوردومان کراون.

سوپای ئیسرائیل جەختی کردەوە، لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا زیاتر لە 150 فڕۆکەی جەنگی بەشدارییان لە هێرشەکانی سەر تاراندا کردووە و تاوەکو ئێستاش هێرشەکان بەردەوامن، ئامانجی سەرەکی لەم هێرشانە لەناوبردنی توانای بەرهەمهێنانی سەربازیی ئێرانە کە لە ماوەی چەندین ساڵدا پەرەی پێدراوە.

ئەم گرژییانە لە چوارچێوەی ئەو جەنگە پەرەسەندوەدایە کە لە 28ـی شوباتی رابردووەوە دەستی پێکردووە، کاتێک ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشەکانیان بۆ سەر ئێران دەستپێکرد. 

لە بەرانبەردا ئێرانیش بە هێرشی تۆڵەسندنەوە بۆ سەر بنکەکانی ئیسرائیل و دامەزراوە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە وەڵامی دایەوە، ئەمەش وایکردووە مەودای جەنگەکە فراوانتر بێت.