میدیاکانی ئێران: زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی کرایە سەر تاران و تەورێز

میدیاکانی ئێران بڵاویانکردەوە چەندین ناوچەی جیاواز لە تاران و تەورێز، لەوانە فڕۆکەخانە، کارگەی پیشەسازی و ناوچەی نیشتەجێبوون، رووبەڕووی هێرشی ئاسمانی بوونەتەوە.

بەگوێرەی ئاژانسی هەواڵی "فارس"، هێرش کراوەتە سەر یەکەیەکی بەرهەمهێنانی پێترۆکیمیاوی لە شاری تەورێز، بەڵام رایگەیاندووە؛ هیچ دزەکردنێکی ماددە ژەهراوییەکان رووی نەداوە و دۆخەکە لەژێر کۆنترۆڵدایە.

لە لایەکی دیکەوە، ئاژانسی "مێهر"ی ئێرانی ئاماژەی بەوە کردووە، لە ئەنجامی هێرشێکی ئاسمانی بۆ سەر ناوچەیەکی نیشتەجێبوون لە باکووری تاران، ژمارەیەک بریندار تۆمارکراون.

هاوکات تەلەفزیۆنی فەرمی ئێران رایگەیاند؛ هێرشە ئاسمانییەکان لقێکی بانکی نیشتمانی و کارگەیەکی کارتۆنیان لە باشووری تاران کردووەتە ئامانج. لە هەواڵێکی دیکەشدا ئاماژەی بەوە کرد، فڕۆکەخانەی "میهرئاباد" لە رۆژئاوای تاران کەوتووەتە بەر هێرشە ئاسمانییەکان.