ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم: کارگەی ئاوی قورسی ئێران بەهۆی هێرشەوە زیانی زۆری بەرکەوتووە

ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆم (IAEA) پشتڕاستیکردەوە کە کارگەی بەرهەمهێنانی ئاوی قورس لە دامەزراوەی "خەنداب" لە ئێران، لە 27ـی ئاداردا رووبەڕووی هێرش بووەوە، زیانی زۆری بەرکەوتووە و بە تەواوی لەکار کەوتووە.

ئاژانسەکە لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا ئاماژەی بەوە کردووە: "بە پشتبەستن بە شیکردنەوەی سەربەخۆی وێنە مانگە دەستکردەکان و زانیارییە بەردەستەکان دەربارەی دامەزراوەکە، پشتڕاستمان کردەوە کە کارگەی بەرهەمهێنانی ئاوی قورس لە خەنداب زیانی جیدی بەرکەوتووە و چیتر کار ناکات." هەروەها ئاژانسەکە روونیکردەوە، ئەو دامەزراوەیە لە کاتی هێرشەکەدا هیچ ماددەیەکی ئەتۆمی راگەیەندراوی تێدا نەبووە.

لەلایەکی دیکەوە، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، رایگەیاند؛ ئیسرائیل لە هێرشەکانی رۆژی هەینیدا، دوو گەورەترین کارگەی پۆڵای وڵاتەکە، وێستگەیەکی بەرهەمهێنانی کارەبا و چەند پێگەیەکی ئەتۆمی مەدەنی و ژێرخانی دیکەی کردووەتە ئامانج.

وەزیری دەرەوەی ئێران هەڕەشەی تۆڵەکردنەوەی کرد و جەختی کردەوە، "کۆماری ئیسلامی ئێران باجێکی قورس بەسەر ئیسرائیلدا دەسەپێنێت لە بەرامبەر ئەو تاوانانەی ئەنجامی داون."