کنیست، گەورەترین بودجەی لە مێژووی ئیسرائیلدا پەسەند کرد

بەرەبەیانی ئەمڕۆ دووشەممە، 30ـی ئاداری 2026، پەرلەمانی ئیسرائیل (کنیست) بودجەی ساڵی 2026ـی وڵاتەکەی پەسەند کرد. ئەم بودجەیە کە بە گەورەترین بودجە لە مێژووی ئیسرائیل وەسف دەکرێت، زیادکردنێکی هێندە گەورە لە خەرجییە سەربازییەکاندا لەخۆدەگرێت کە پێشتر وێنەی نەبووە.

بەگوێرەی بەیاننامە فەرمییەکەی پەرلەمانی ئیسرائیل، لە چوارچێوەی نوێکردنەوەی بودجە و بە رەچاوکردنی تێچووەکانی ئۆپەراسیۆنی "نەڕەی شێر"، زیاتر لە 30 ملیار شیکڵ 'نزیکەی 10 ملیار دۆلار' بۆ بودجەی وەزارەتی بەرگریی زیاد کراوە. بەمەش کۆی بودجەی ئەو وەزارەتە گەیشتە زیاتر لە 142 ملیار شیکڵ.

کۆی گشتی خەرجییە پێشنیازکراوەکانی ساڵی 2026 نزیکەی 850 ملیار شیکڵە 'کە یەکسانە بە نزیکەی 270 ملیار دۆلار'. پڕۆژەیاسای بودجەکە بە زۆرینەی 62 دەنگی بەڵێ بەرامبەر بە 55 دەنگی نەخێر تێپەڕێنرا. 

بێزالێل سمۆتریچ، وەزیری دارایی ئیسرائیل جەختی کردەوە، ئەم بودجەیە "سەرچاوەی فراوان و خەرجیی پێوانەیی بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی سیستەمی ئەمنیی تەرخان دەکات."

چاودێرانی سیاسی و پەیامنێرانی ناوخۆیی ئاماژە بەوە دەکەن، پەسەندکردنی ئەم بودجەیە پێش وادەی 31ـی ئادار، حکوومەتەکەی بنیامین ناتانیاهووی لە هەرەسپێهێنان و رووخان رزگار کرد.

پەسەندکردنی بودجەکە دوای ململانێیەکی توندی ناوخۆیی هات، بەتایبەت لەگەڵ فراکسیۆنی "حەریدیمەکان" (ئۆرسۆدۆکسە توندڕەوەکان) کە هەڕەشەی کشانەوەیان لە حکوومەت دەکرد بەهۆی قەیرانی سەربازیی زۆرەملێوە. حەریدیمەکان مەرجی ئەوەیان هەبوو کە دەبێت خوێندکارانی ئایینی لە خزمەتی سەربازی ببەخشرێن.

ناتانیاهوو توانی ئەم تەنگژەیە تێپەڕێنێت دوای ئەوەی بەڵێنی بە لایەنە ئایینییەکان دا دەستبەجێ دوای پەسەندکردنی بودجە، کار لەسەر دەرکردنی یاسای بەخشین لە سەربازی بکات، هەروەها بڕە پارەیەکی خەیاڵیشی بۆ پەیمانگا ئایینییەکان لەناو بودجەکەدا تەرخان کردووە.