ئیسرائیل: ترەمپ بژاردەی سەربازیی زەمینی بۆ کاتی شکستی گفتوگۆکان ئامادە دەکات
دەستەی پەخشی ئیسرائیلی رایگەیاند، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، کۆمەڵێک بژاردەی سەربازی تاوتوێ دەکات کە دەستوەردانی زەمینی لەناو خاکی ئێران دەگرێتەوە، ئەوەش بە مەبەستی کردنەوەی گەرووی هورمز لە حاڵەتی شکستهێنانی دانوستانەکان لەگەڵ تاران.
بەگوێرەی سەرچاوە دیپلۆماسییەکانی ئیسرائیل، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ئارەزوو دەکات هەر لەم هەفتەیەدا گفتوگۆی راستەوخۆ لەگەڵ ئێرانییەکان ئەنجام بدات. هاوکات کەناڵی 12ـی ئیسرائیلی ئاماژەی بەوە کردوو، واشنتن و تەلئەڤیڤ هەماهەنگییە سەربازییەکانیان لە بەرزترین ئاستدا چڕکردووەتەوە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەگەری شکستهێنانی بژاردەی دیپلۆماسی.
سەرچاوە ئەمنییەکان بۆ هەمان کەناڵ رایانگەیاندووە؛ ترەمپ لە بنەڕەتدا دژی هێرشکردنە سەر ژێرخانی ئێران نییە، بەڵام ئێستا دەیەوێت چانسێکی راستەقینە بە دانوستانەکان بدات، بەو مەرجەی هەر کارێکی سەربازی لە داهاتوودا بە هەماهەنگی تەواوی نێوان واشنتن و تەلئەڤیڤ بێت.
دۆناڵد ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی 14ـی ئیسرائیلی رایگەیاند: "ئێرانییەکان زۆر بە پەرۆشن بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی و بۆ ئەو مەبەستە دەپاڕێنەوە." ناوبراو جەختیشی کردەوە، ئەمریکا لە ئێستاوە کار بۆ کۆنترۆڵکردنی گەرووی هورمز دەکات.
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل، ترەمپ گوتی: "هەماهەنگییەکانمان زۆر نزیکە و پەیوەندییەکانمان لە لووتکەدایە، مەحاڵە لەوە باشتر بێت."
لە لایەکی دیکەوە، بەرپرسێکی سەربازی ئەمریکی ئاشکرای کرد، ژمارەی سەربازانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست 50 هەزار سەربازی تێپەڕاندووە. رۆژنامەی "نیویۆرک تایمز" لە زاری بەرپرسانی ئەمریکاوە بڵاویکردەوە، ترەمپ بژاردەی هێرشی فراوانتر تاوتوێ دەکات، لەوانە کۆنترۆڵکردنی هەندێک دوورگە یان ناوچەی ناو خاکی ئێران بۆ دەستەبەرکردنی ئازادی هاتوچۆی دەریایی لە گەرووی هورمز.
سەرەڕای ئەم پلانانە، شارەزایانی سەربازی هۆشداری دەدەن، بڵاوکردنەوەی 50 هەزار سەرباز بەشێکی زۆریان لەناو کەشتییە جەنگییەکانن، ژمارەیەکی زۆر کەمە بۆ ئەنجامدانی هەر ئۆپەراسیۆنێکی زەمینی بەرفراوان لە ناوخۆی ئێراندا.