ئیسرائیل؛ باڵیۆزی دەرکراوی ئێران لە بەیرووت خەریکی قاوە خواردنەوەیە

جەدعۆن ساعر، وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل، رەخنەی توند ئاراستەی حکوومەتی لوبنان دەکات و رایدەگەیەنێت کە باڵیۆزی ئێران لە بەیرووت پابەندی بڕیاری دەرکردنی نەبووە و سووکایەتی بە سەروەریی ئەو وڵاتە دەکات.

ساعر لە پۆستێکدا لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس" ئاماژەی بەوە کرد: "هەفتەی رابردوو، وەزارەتی دەرەوەی لوبنان باڵیۆزی ئێرانی وەک کەسێکی نەخوازراو دەستنیشان کرد و وادەیەکی بۆ دەرکردنی لە وڵاتەکە دیاری کرد، کە دوێنێ 29ـی ئادار ئەو وادەیە کۆتایی هات."

وەزیری دەرەوەی ئیسرائیل لە درێژەی نووسینەکەیدا بە گاڵتەجاڕییەوە باس لە بێدەسەڵاتی حکوومەتی لوبنان دەکات و دەڵێت: "سەرەڕای کۆتاییهاتنی وادەکە، ئەم بەیانییە باڵیۆزی ئێران لە بەیرووت دانیشتووە و قاوەکەی دەخواتەوە و گاڵتە بە وڵاتی خانەخوێ دەکات."

هەروەها ساعر ئاماژەی بە بەردەوامی هەژموونی حیزبوڵڵا کردووە لەناو جومگەکانی دەوڵەتدا و رایگەیاندووە؛ لە کاتێکدا باڵیۆزی ئێران بڕیارەکان پێشێل دەکات، وەزیرەکانی حیزبوڵڵاش بە ئاسایی لە کارەکانیان لەناو حکوومەتی لوبناندا بەردەوامن.

ئەم لێدوانانەی ساعر لە کاتێکدایە گرژییەکانی ناوچەکە و ململانێی نێوان ئیسرائیل و گرووپە ننزیکەکانی ئێران لە لوبنان گەیشتووەتە ئاستێکی پێوانەیی.