ئیسپانیا ئاسمانی وڵاتەکەی بە رووی فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا دادەخات
حکوومەتی ئیسپانیا ئاسمانی وڵاتەکەی بە رووی ئەو فڕۆکانەدا داخست کە بەشداری لە جەنگی دژی ئێراندا دەکەن.
ئەمڕۆ دووشەممە، 30ـی ئاداری 2026، رۆژنامەی "ئێل پاییس"ـی ئیسپانی بڵاوی کردەوە، مەدرید ئاسمانی وڵاتەکەی بە رووی ئەو فڕۆکانەدا داخستووە کە لە جەنگی دژی ئێراندا بەشدارن.
رۆژنامەکە روونیشی کردەوە، قەدەغەکردنەکە تەنیا بەکارهێنانی هەردوو بنکەی ئاسمانیی رۆتا لە کادیز و مۆرۆن دی لا فرۆنتێرا لە ئیشبیلیا لەلایەن فڕۆکە جەنگییەکان یان فڕۆکەکانی سووتەمەنیپێدان ناگرێتەوە، بەڵکوو بەکارهێنانی ئاسمانی ئیسپانیا لەلایەن فڕۆکەکانی ئەمریکاشەوە دەگرێتەوە کە لە وڵاتی سێیەمدا جێگیر کراون، وەک شانشینی یەکگرتوو یان فەرەنسا.
لە راپۆرتەکەدا ئاماژە بەوەش دراوە، فڕین و نیشتنەوە تەنیا لە حاڵەتە لەناکاوەکاندا رێگەپێدراوە. پێشتریش لە سەرەتای مانگی ئاداردا، ئیسپانیا رێگەی نەدا ئەمریکا بنکە سەربازییەکانی بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکار بهێنێت.
لە 25ـی ئاداردا، پیدرۆ سانچێز، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا لە بەردەم ئەنجوومەنی نوێنەران، رایگەیاند، ململانێکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زۆر لە جەنگی عێراق خراپترن. ئاماژەی بەوەش کرد، گرنگە دەرئەنجامەکانی هەڵمەتی سەر عێراق وەبیر بهێنرێنەوە بۆ ئەوەی هەمان هەڵە دووبارە نەبێتەوە.
ئەم هەڵوێستەی ئیسپانیا لە کاتێکدایە جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژی ئێران پێ دەنێتە دووەم مانگییەوە. ململانێکان بوونەتە هۆی پەککەوتنی تەواوەتیی جووڵەی بازرگانی و کەشتیوانی لە گەرووی هورمز و نەتوانرێت هەناردەی نەوت بەو رێڕەوەدا تێپەڕێت.
بەو هۆیەوە نرخی وزە و سووتەمەنی لە تەواوی جیهاندا بەرزبوونەوەیەکی پێوانەیی و بێپێشینەی بەخۆیەوە بینیوە و وڵاتانی هاوردەکاری نەوت تووشی قەیرانێکی ئابووریی قووڵ بوونەتەوە.
لە ئێستادا واشنتن رووبەڕووی ئاستەنگیی گەورە بووەتەوە بۆ کۆکردنەوەی هاوپەیمانە ئەورووپییەکانی بە مەبەستی پێکهێنانی هاوپەیمانییەک بۆ پاراستنی رێڕەوە ئاوییەکان.
هۆکاری سەرەکیی ئەمەش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە وڵاتانی ئەوروپا زۆربەی هەوڵەکانیان لەسەر پاڵپشتیکردنی ئۆکراینا چڕ کردووەتەوە و نایانەوێت تێوەگلانیان لە جەنگێکی نوێدا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست زیان بە بەرژەوەندییەکانیان بگەیەنێت. هەنگاوەکەی مەدریدیش وەک پەیامێکی روون دەبینرێت بۆ بەدوورگرتنی وڵاتەکەی لە لێکەوتە کارەساتبارەکانی ئەو جەنگە و پاراستنی سەقامگیریی ناوخۆیی.