خوێندنی زانکۆ و پەیمانگەکان بەشێوەی ئۆنڵاین و دیجیتاڵی دەستپێدەکاتەوە
ئەمڕۆ دووشەممە، 30ـی ائداری 2026، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، بڕیاری دا پرۆسەی خوێندنی ساڵی 2025 - 2026 بە شێوازی ئۆنلاین و دیجیتاڵی تەواو بکرێت.
بۆ ئەم مەبەستە وەزارەت چەند رێکار و رێنماییەکی نوێی بۆ زانکۆ و پەیمانگەکان بڵاوکردەوە، کە لە 30/3/2026 خوێندن بەشێوەی ئۆنلاین لە سەرجەم زانکۆ و پەیمانگە حکوومی و تایبەتەکانی هەرێمی کوردستان دەست پێدەکاتەوە.
ئاماژەی بەوەشدا، دەسەڵات دراوە بە زانکۆکان کە بەپێی تایبەتمەندی بەشە زانستییەکان، یەکێک لە پلاتفۆرمە ستانداردە جیهانییەکان بۆ وانەوتنەوەی دیجیتاڵی بەکاربهێنن.
راشیگەیاند، پێویستە وانە ئۆنڵاینەکان لە چوارچێوەی کاتی دەوامی فەرمیدا بن و نابێت بخرێنە شەوان یان دوای کاتی فەرمی، هەروەها دەبێت تەواوی وانەکان بە شێوەی ئەلیکترۆنی لەسەر پلاتفۆرمەکان بەردەست بن.
وەزارەت باسی لەوەشکردووە، کۆلێژە پزیشکییەکان دەتوانن بۆ وانە پراکتیکییەکان بچنە ناو نەخۆشخانەکان، سەبارەت بە وانە پراکتیکییەکانی دیکەش، ئەو بەشانەی پێویستیان بە هۆڵە، چاوەڕێی هەڵسەنگاندنی دۆخی تەندروستی هەفتەکانی داهاتوو دەکرێت.
وەزارەتی خوێندنی باڵا ئەوەشی خستەڕوو، زانکۆکان راسپێردراون خشتەی تاقیکردنەوەکان بە جۆرێک رێکبخەن کە قەرەباڵغی لە ناو هؤلەکانی خوێندن و بەشە ناوخۆییەکان دروست نەبێت، و رەچاوی دۆخی ئەو قوتابیانە بکرێت کە لە دەرەوەی شارەکان دەژین.
ئاشکراشی کرد، گفتوگۆی نامەکانی ماستەر و دکتۆرا تەنیا بە ئامادەبوونی لیژنە و توێژەر بەڕێوەدەچێت، هەروەها خولەکانی پێداگۆجی و سەنتەرەکانی زمان بە ئۆنڵاین بەردەوام دەبن. هەروەها بەڕێوەبەرایەتییەکانی ئایتی (IT) لە زانکۆکان راسپێردراون بە شێوەیەکی بەردەوام هاوکاری قوتابیان و مامۆستایان بن بۆ چارەسەرکردنی هەر گرفتێکی تەکنیکی.