ئیسماعیل قائانی: ناتانیاهۆ خەونی بە فراوانکردنی پشتێنەی ئەمنی لە ناوچەکەدا دەبینێت

فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران، ڕایگەیاند کە هێرشە هاوکاتەکانی حزبوڵڵا لە باکوور و حووسییەکان لە باشوور، درۆکانی ئیسرائیلیان بۆ نیشتەجێبووانیان ئاشکرا کردووە. قائانی جەختی کردەوە کە ئێستا تەواوی گرووپەکانی ناو بەرەی بەرگری لە ناو یەک ژووری جەنگی هاوبەشدا کار دەکەن و دۆخێکی نوێ لە ناوچەکەدا سەپێندراوە.

ئەمڕۆ دووشەممە 30ـی ئاداری 2026، ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانلە پەیامێکدا لە هەژماری فەرمیی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "ئێکس"، هێرشی توندی کردە سەر بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل و ئاماژەی بەوە کرد، ناتانیاهۆ خەونی بە فراوانکردنی ناوچەی ئارام دەبینی، بەڵام ئاگری هێرشەکانی حزبوڵڵای لوبنان و ئەنسارولڵای یەمەن، هەموو ئەو خەونانەی لەباربردووە.

فەرماندەی فەیلەقی قودس گوتی: "هێرشەکانی باکوور و باشوور درۆکانی ئیسرائیلیان بۆ نیشتەجێبووانی شارۆچکەکان دەرخست، کە پێشتر بەڵێنی ئاسایشیان پێ درابوو." جەختی کردەوە کە ئاواتی مێژوویی فەرماندە شەهیدەکانیان بەدی هاتووە و ئێستا ژووری کردە جەنگییەکانی بەرەی بەرگری یەکە و هەماهەنگیی تەواو لە نێوان هەموو قۆڵەکاندا هەیە.

ئیسماعیل قائانی ڕوو لە نەیارانی وڵاتەکەی و هاوپەیمانیی ئەمریکا-ئیسرائیل ڕایگەیاند: "پێویستە لەسەرتان کە ڕابێن و عادەت بکەن بەو دۆخە و سیستەمە نوێیەی کە ئێستا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دروست بووە."