روبیۆ: نییەتی سەرکردایەتی ئێستای ئێران بۆ گەیشتن بە رێککەوتن تاقی دەکەینەوە

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ڕایگەیاند کە واشنتن خەریکی تاقیکردنەوەی نییەتی سەرکردایەتی ئێستای ئێرانە بۆ گەیشتن بە رێککەوتنێکی کۆتایی. جەختی کردەوە کە ئەمریکا رێگە نادات ئێران گەرووی هورمز دابخات یان باج لە کەشتییەکان وەربگرێت، هاوکات هۆشداری دا کە تاران بەهۆی سیاسەتەکەیەوە هەرگیز نابێت ببێتە خاوەن چەکی ناوەکی

دووشەممە 30ـی ئاداری 2026، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی ABC، مارکۆ روبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئاماژەی بەوە کرد، بەرپرسانی ئێستا لە ئێران بە شێوازێکی جیاواز لە رابردوو پەیام بۆ ئەمریکا دەنێرن و ئارەزووی خۆیان بۆ ڕێککەوتن نیشان داوە. روبیۆ گوتی: "ئێمە هیوادارین ئەوان بتوانن بەڵێنەکانیان جێبەجێ بکەن، چونکە هەمیشە دیپلۆماسی و دانوستان لای ئیدارەی ترەمپ لە پێشینەیە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان."

سەبارەت بە هەڕەشەکانی ئێران بۆ کۆنترۆڵکردنی گەرووی هورمز و سەپاندنی سیستەمێکی باج بەسەر کەشتییە نێودەوڵەتییەکاندا، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا بە توندی ئەو هەنگاوانەی رەت کردەوە و رایگەیاند: "رێگە بەمە نادرێتروو بدات. ترەمپ چەندین بژاردەی جیاوازی لەبەردەستدایە بۆ رێگریکردن لە هەر هەوڵێکی ئێران بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەم رێڕەوە ئاوییە ستراتیژییە."

روبیۆ لە درێژەی قسەکانیدا هێرشی توندی کردە سەر تاران جەختی کردەوە کە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی دراوسێی ئێران هەموویان هاوڕان لەسەر ئەوەی کە نابێت تاران ببێتە خاوەن چەکی ناوەکی، چونکە بە گوتەی ئەو: "ئەوان خاوەنی دیدگایەکی مەترسیدار و وێرانکەرن بۆ ئایندە، ئەگەر ئەو چەکەیان دەست بکەوێت، هەڕەشە لە هەموو جیهان دەکەن."

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا، ئامانجە روون و سەرەکییەکانی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی وڵاتەکەی دژ بە ئێران دیاری کرد و جەختی لەوە کردەوە کە پلانەکە بە پلەی یەکەم بۆ تێکشکاندنی تەواوەتی هێزی ئاسمانی و هێزی دەریایی ئەو وڵاتە داڕێژراوە، هاوکات ئاماژەی بەوەش دا کە ئامانجێکی تری بنەڕەتیی واشنتن بریتییە لە لاوازکردنی توانای هەڵدانی مووشەکیی ئێران بە شێوەیەکی زۆر سەخت و وێرانکردنی سەرجەم ئەو کارگانەی کە پشتیوانی لە ژێرخانی سەربازیی تاران دەکەن، تاوەکوو بە تەواوی توانای هەرەشەکردنیان لە ناوچەکەدا لێ زەوت بکرێت.

سەبارەت بە وردەکاریی بژاردە سەربازییەکان و ئەگەری هێرشی زەمینی، روبیۆ نەیویست هیچ تاکتیکێک ئاشکرا بکات و گوتی: وەزارەتی جەنگ بەرپرسە لەو دۆسیەیە، بەڵام دووپاتی کردەوە کە ئەمریکا ئامادەیە هەموو هەنگاوێک بنێت بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی و دڵنیابوونەوە لەوەی کە ئاسایشی کەشتیوانی لە ناوچەکەدا تێک ناچێت.

هەروەها وەزیری دەرەوەی ئەمریکا لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی "جەزیرە" ئاماژەی بە جیاوازیی دیدگای واشنتن و تەلئەڤیڤ کرد و رایگەیاند: "سەرنجی ئیسرائیل جیاوازە لەوەی ئێمە سەرنجمان لەسەریەتی و ئەوان ئامانجی تایبەت بە خۆیان هەیە."

روبیۆ لە درێژەی قسەکانیدا هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی تاران کرد و جەختی کردەوە: "پێویستە ئێران بە تەواوی کۆتایی بە بەرهەمهێنانی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوان و موشەکانە بهێنێت کە لەم دواییانەدا بینیمان."