ترەمپ: بەمزووانە دەردەکەوێت قاڵیباف لەگەڵمان کار دەکات یان نا
سەرۆکی ئەمریکا، هۆشدارییەکی توند و یەکلاکەرەوەی ئاراستەی تاران کرد و رایگەیاند ئەگەر رێککەوتنی ئاشتی بەم زووانە واژۆ نەکرێت، ئەوا تەواوی وێستگەکانی کارەبا، بیرە نەوتەکان و دوورگەی خارگ بە تەواوی لەناودەبات. ترەمپ ئاماژەشی دا، بەمزووانە دەردەکەوێت قاڵیباف لەگەڵمان کار دەکات یان نا
دووشەممە 30ـی ئاداری 2026، دۆناڵد ترەمپ لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ رۆژنامەی "The Post" رایگەیاند، کە وەڵامی ئەمریکا بۆ هێرشە نوێیەکانی ئێران بۆ سەر گەورەترین پاڵاوگەی نەوتی ئیسرائیل لە حەیفا و وێستگەیەکی ئاو و کارەبا لە کوێت، بەم زووانە دەردەکەوێت. ترەمپ هانی پاشماوەی تارانی دا کە پێش ئەوەی درەنگ بێت رێککەوتن بکەن، ئەگەر نا رووبەڕووی کارەساتێکی سەربازیی بێوێنە دەبنەوە.
سەرۆکی ئەمریکا باسی لە گۆڕانکارییەکی بنەڕەتی لە ناوخۆی ئێران کرد و گوتی: دەسەڵاتی ئێران بە تەواوی گۆڕاوە، چونکە سەرکردەکانی رابردوو هەموویان کوژراون و ئێمە ئێستا لەگەڵ خەڵکێکی نوێ مامەڵە دەکەین کە تا ئێستا زۆر عەقڵانیتر بوون." ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد کە واشنتن لە ماوەی هەفتەیەکدا بۆی دەردەکەوێت ئایا محەمەدباقر قالیباف، سەرۆکی پەرلەمانی ئێران، ئامادەی کارکردنە لەگەڵ ئەمریکییەکان یان نا.
سەبارەت بە چارەنووسی موجتەبا خامنەیی، رێبەری نوێی ئێران، ترەمپ رایگەیاند: "کەس هیچی لێ نەبیستووە، ئەو بە سەختی بریندارە. ئێمە وا دەزانین لە ژیاندا ماوە، بەڵام لە بارودۆخێکی یەکجار خراپدایە." ئەمە لە کاتێکدایە کە موجتەبا خامنەیی لە 28ی شوباتەوە دەستپێکی شەڕەکە لە هیچ شوێنێکی گشتی دەرنەکەوتووە.
لەسەر ئاستی ئابووری، ئەم پەرەسەندنانە بوونە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت بۆ 115 دۆلار بۆ هەر بەرمیلێک و لە ناوخۆی ئەمریکاشدا نرخی گالۆنێک گازۆلین گەیشتە 3.99 دۆلار، کە بەرزترین ئاستە لەوەتەی ساڵی 2022وە تۆمار کرابێت.