عێراقچی: گەرووی هورمز بەڕووی ئەو کەشتییانەدا دادەخرێت کە هاوکاریی هێرشەکان بۆ سەر ئێران دەکەن
وەزیری دەرەوەی ئێران هۆشداری دەداتە ئەو لایەنانەی هاوکاریی هێرشەکان بۆ سەر وڵاتەکەی دەکەن و ڕایدەگەیەنێت، گەرووی هورمز بەڕووی ئەو کەشتییانەدا دادەخرێت کە بەشدارن لە "زیادەڕۆییە سەربازییەکان" بۆ سەر خاکی ئێران.
ئەمڕۆ دووشەممە، 30ـی ئاداری 2026، عەباس عێراقچی، وەزیری دەرەوەی ئێران، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ ژان نۆێل بارۆ، هاوتا فەرەنسییەکەی، دوایین پەرەسەندنە سەربازییەکانی ناوچەکەی تاوتوێ کرد و رەخنەی توندیشی لە هەڵوێستی وڵاتانی ئەوروپا گرت.
عەرەقچی لە پەیوەندییەکەدا ئاماژەی بە هێرشە سەربازییەکانی مانگی ڕابردوو بۆ سەر ئێران کرد و رایگەیاند، هەندێک وڵاتی ئەوروپی تەنیا نیگەرانن لە لێکەوتە ئابوورییەکانی جەنگ، بەڵام لە ئاست ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر خەڵکی ئێران بێدەنگییان هەڵبژاردووە.
هەروەها وەزیری دەرەوەی ئێران جەختی لەوە کردەوە کە ئۆپەراسیۆنە بەرگرییەکانی وڵاتەکەی دژی هێرشکاران بەردەوام دەبن، بەتایبەتی دژی ئەو بنکە و دامەزراوە سەربازییانەی کە لە خاکی وڵاتانی ناوچەکەدا جێگیرکراون و لەلایەن ئەمریکاوە بۆ هێرشکردنە سەر ئێران بەکاردەهێنرێن. گوتیشی: "بەکارهێنانی بنکە و خاکی وڵاتانی ناوچەکە بۆ جەنگێکی نایاسایی دژی ئێران، هۆکاری سەرەکیی ئۆپەراسیۆنە بەرگرییەکانی ئێمەیە."
عێراقچی ئەمریکا و ئیسرائیلی بە بەرپرسیار لە ناسەقامگیریی گەرووی هورمز زانی و رایگەیاند: ئەم ئاوبەندە گرنگە بەرووی کەشتییەکانی ئەو لایەنانەدا داخراوە کە بەشدارن لە هێرشە سەربازییەکان دژی ئێران.
لەلای خۆیەوە، ژان نۆێل بارۆ، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا رایگەیاند: نیگەرانن لە پەرەسەندنی ئاڵۆزییەکان لە لوبنان و داوای کرد هەوڵە سیاسی و دیپلۆماسییەکان بۆ گەڕانەوەی سەقامگیری بۆ ناوچەکە بەهێزتر بکرێن.