یەمەن هێرشەکانی ئێران بۆ هەرێمی کوردستان سەرکۆنە دەکات
وەزارەتی دەرەوەی یەمەن بە توندی سەرکۆنەی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی ئێرانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان کرد و رایگەیاند، ئەم کارانە پێشێلکارییەکی زەقی سەروەریی وڵاتان و هەڕەشەیەکی جددییە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە.
ئەمڕۆ دووشەممە 30ـی ئاداری 2026، وەزارەتی دەرەوەی یەمەن لە راگەیەندراوێکدا نیگەرانیی قووڵی خۆی بەرانبەر بە پەرەسەندنە سەربازییەکانی ئێران دەربڕی. لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، سەرکۆنەی هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستان دەکەین تێیدا شوێنی نیشتەجێبوونی چەندین سەرکردەی سیاسی کرانە ئامانج. وەزارەتی دەرەوەی یەمەن جەختی کردەوە کە ئەم جۆرە کارانە هەوڵێکە بۆ تێکدانی سەقامگیریی ناوچەکە و فراوانکردنی بازنەی گرژییەکان لە ناوچەکەدا، کە بە هیچ شێوەیەک پاساو هەڵناگرێت.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا، حکوومەتی یەمەن هاوسۆزیی تەواوی خۆی بۆ هەندێک لە وڵاتەکان و تێیدا هەرێمی کوردستان هەیە دەربڕی و پشتیوانیی خۆی بۆ هەر رێکارێک راگەیاند کە ئەو وڵاتانە بۆ پاراستنی خاک و هاووڵاتییانیان دەیگرنە بەر.
یەمەن داواشی لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و بەتایبەتی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد، کە هەڵوێستێکی بڕیاردەرانە وەربگرن بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەم هێرشانە. هەروەها داوای کرد ئەوپەڕی فشارەکان بەکاربهێنرێن بۆ راگرتنی رەفتارە ئاژاوەگێڕییەکانی ئێران کە بوونەتە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە و بەرژەوەندیی گەلان.