سەرۆکی حکوومەت و وەزیری وزەی ئەمەریکا دۆخی وزە لە هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە تاوتوێ دەکەن

مەسرور بارزانی لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ وەزیری وزەی ئەمریکا، جەختی لە پێویستیی بەردەوامبوونی هاوئاهەنگی و پاڵپشتی کردەوە بۆ پاراستنی ژێرخانی وزە و ئابووریی لە هەرێمی کوردستان و هەڵگرتنی گەمارۆی بازرگانی و وەستاندنی هێرشە تیروریستییەکان کردەوە.

ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 30ـی ئاداری 2026، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ کریس رایت، وەزیری وزەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، گفتوگۆیان لەبارەی دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق و بە تایبەتی دۆخی وزە کرد.

بڕیاری حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ رێگەدان بە هەناردەکردنی نەوت لە ڕێگەی بۆریی هەرێمی کوردستانەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکی، وەک ئاسانکارییەک بۆ کەمکردنەوەی فشار و ئاڵنگارە ئابوورییەکان لەسەر عێراق و بازاڕی جیهانیی وزە، بە ئەرێنی هەڵسەنگێنرا.

هەروەها، سەرۆکی حکوومەت جەختی لە پێویستیی بەردەوامبوونی هاوئاهەنگی و پاڵپشتی کردەوە بۆ پاراستنی ژێرخانی وزە و ئابووریی لە هەرێمی کوردستان و هەڵگرتنی گەمارۆی بازرگانی و وەستاندنی هێرشە تیروریستییەکان کە دەکرێنە سەر کۆمپانیاکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەی بەرهەمهێنان زیاتر بکرێت و هەناردە بکرێت.

هەروەها جەخت لە پاراستنی سەقامگیری لە هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە بە گشتیی کرایەوە.