ئەحمەد شەرع: سووریا تاکە رێڕەوی ئارامە بۆ گەیاندنی وزە بە ئەوروپا
سەرۆکی سووریا، لە لێدوانێکی نوێدا هۆشداریی دا لە مەترسییەکانی پەرەسەندنی سەربازیی ناوچەکە بۆ سەر ئاسایشی وزەی جیهان. شەرع وێڕای سەرکۆنەکردنی هێرشەکانی ئێران بۆ سەر وڵاتانی کەنداو، وڵاتەکەی وەک تاکە بەدیل و ڕێڕەوێکی ستراتیژیی ئارام بۆ گواستنەوەی نەوت و گاز لە رۆژهەڵاتەوە بۆ رۆژئاوا ناساند.
ئەمڕۆ دووشەممە 30ـی ئاداری 2026، ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سووریا، سەرنجی خستە سەر ئەو ئاڵۆزییە سەربازییانەی کە بەرۆکی رۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان گرتووە و رایگەیاند، "ئەم پەرەسەندنانە مەترسیی زۆر گەورەیان بۆ سەر زنجیرەی دابینکردنی وزە و نرخەکان لە بازاڕە جیهانییەکاندا دروست کردووە، بەتایبەتی ئەگەر ئەم جەنگە درێژە بکێشێت و رێککەوتنی سیاسی ئەنجام نەدرێت."
سەرۆکی سووریا بە توندی سەرکۆنەی هێرشە مووشەکی و درۆنییەکانی ئێرانی کرد بۆ سەر دامەزراوەکانی وزە لە وڵاتانی کەنداو و گوتی: "وڵاتانی کەنداو هیچ کات بەشێک نەبوون لەم ململانێیە، بەڵام بە ناحەق کراونەتە ئامانج. سووریا هاوسۆزی و پشتیوانی تەواوی خۆی بۆ سەقامگیریی ئەو وڵاتانە دەردەبڕێت."
ئەحمەد شەرع ئاماژەی بەوە کرد، سووریا بەهۆی پێگە جوگرافییەکەی و کەناراوەکانی سەر دەریای ناوەڕاست، دەتوانێت ببێتە پەناگەیەکی ئارام بۆ بازرگانیی نێودەوڵەتی. گوتی: "سووریا دەتوانێت وەک رێڕەوێکی وشکانی و دەریایی جێگرەوە بەکاربهێنرێت کە وزەی ناوچەکە بە شێوەیەکی خێرا و سەلامەت بگەیەنێتە دڵی ئەوروپا، ئەمەش تاکە رێگەیە بۆ پاراستنی ئاسایشی ئابووریی جیهان لەم قۆناغە پڕ لە گرژییەدا."
ئەم لێدوانانەی سەرۆکی سووریا لە کاتێکدایە کە بەهۆی شەڕی نێوان ئەمریکا و ئێران، گەرووی ستراتیژیی هورمز کە 20%ی نەوتی جیهانی پێدا تێدەپەڕێت، تووشی پەککەوتن بووە و وڵاتانی جیهان بەدوای رێگەی جێگرەوەدا دەگەڕێن بۆ دابینکردنی سووتەمەنی.