شایستە داراییەکانی جووتیارانی هەرێمی کوردستان خەرج دەکرێت
دوای هەوڵێکی پەرلەمانی بۆ کۆتاییهێنان بە دواکەوتنی شایستە داراییەکانی جووتیارانی هەرێمی کوردستان، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، رەزامەندی فەرمیی نیشاندا لەسەر پێدانی پارەی گەنمی جووتیاران و هەردوو وەزارەتی دارایی و بازرگانی بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکە ڕاسپارد.
بەپێی بەڵگەنامەیەکی فەرمیی نووسینگەی سەرۆکوەزیران، محەممەد شیاع سوودانی رەزامەندی نیشان داوە لەسەر داواکارییەکی ئەنجوومەنی نوێنەران بۆ خەرجکردنی شایستە داراییەکانی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بەرانبەر بەو بڕە گەنمەی لە وەرزەکانی رابردوودا ڕادەستی سایلۆکانی حکوومەتی فیدراڵیان کردووە.
بەپێی بەڵگەنامەکە، سەرۆکوەزیرانی عێراق جەختی لە پرەنسیپی یەکسانی و دوورکەوتنەوە لە جیاکاری لە نێوان جووتیارانی وڵاتدا کردووەتەوە. بۆ ئەم مەبەستەش وەزارەتەکانی دارایی و بازرگانی راسپێر دراون تاوەکوو بە زووترین کات رێکارە یاسایی و کارگێڕییەکان تەواو بکەن و پارەی جووتیاران خەرج بکەن، ئەمەش وەک هەنگاوێک بۆ پشتیوانیکردنی کەرتی کشتوکاڵ و پاراستنی ئاسایشی خۆراک لە عێراق و هەرێمی کوردستاندا.