بەهۆی هێرشی گرووپە چەکدارەکانەوە کوێت هۆشداریی توند دەداتە عێراق

وەزارەتی دەرەوەی کوێت بۆ دووەم جار یاداشتێکی ناڕەزایەتی توندی دایە هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی عێراق لە وڵاتەکەی، ئەمەش وەک کاردانەوەیەک بەرانبەر بەردەوامیی هێرشی گرووپە چەکدارەکان لە خاکی عێراقەوە بۆ سەر کوێت.

ئەمڕۆ دووشەممە، 30ـی ئاداری 2026، وەزارەتی دەرەوەی کوێت، بە نوێنەرایەتی عەزیز رەحیم دەیهانی، بریکاری وەزیری دەرەوە بە وەکالەت، د. زەید عەباس ، هەڵسوڕێنەری کاروباری باڵیۆزخانەی عێراق لە کوێت بانگهێشت کرد.

 لە دیدارەکەدا یاداشتێکی ناڕەزایەتی فەرمی ئاراستەی لایەنی عێراقی کرا، وەک دەربڕینی ناڕەزایەتی بەرانبەر بەو هێرشانەی لەلایەن گرووپە چەکدارە عێراقییەکانەوە دەکرێنە سەر خاکی کوێت.

بریکاری وەزیری دەرەوەی کوێت بە وەکالەت جەختی کردەوە، ئەنجامدانی هەر هێرشێکی چەکداری بۆ سەر کوێت لە رێگەی خاکی عێراقەوە، بە "دەستدرێژی بۆ سەر سەروەری و پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکان و میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان" دادەنرێت و هەروەها کوێت بە توندی ئەو جۆرە هێرشانەی ڕەتکردەوە و داوای لە حکوومەتی عێراق کرد، هەموو ڕێکارێکی پێویست بەرانبەر هێرشکاران بگرێتە بەر بۆ ئەوەی ڕێگری لە دووبارەبوونەوەی ئەو کارانە بکرێت.

لە درێژەی کۆبوونەوەکە دا،  لایەنی کوێتی دووپاتی کردەوە کە "دەوڵەت مافی تەواو و رەوای خۆیەتی بەپێی ماددەی 51ـی میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان، بەرگری لە خۆی بکات."

 هەروەها ئاماژە بەوە دراوە کە کوێت هەموو رێکارێکی پێویست و یاسایی بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو هێرشانە دەگرێتە بەر کە هەڕەشە لە ئاسایش، سەروەری و سەلامەتی خاکەکەی دەکەن.