ستارمەر: جەنگی ئێران جەنگی ئێمە نییە و هێزی زەمینی نانێرین
سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا، بە فەرمی ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی بەشداری لە هیچ ئۆپەراسیۆنێکی زەمینیی هاوبەشی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران ناکات. جەختی کردەوە کە ئەمە جەنگەی ئێمە نییە، ئەم هەڵوێستەش ترەمپی تووڕە کردووە کە ئێستا خەریکی بەهێزکردنی سوپاکەیەتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و گەیاندنیەتی بە 50 هەزار سەرباز.
دووشەممە 30ـی ئاداری 2026، کییەر ستارمەر، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا، لە وەڵامی ئەو راپۆرتە میدیایانەی باس لە ئەگەری هێرشی زەمینیی ئەمریکا بۆ سەر دوورگەی خارگ و بنکە ئەتۆمییەکانی ئێران دەکەن، رایگەیاند، ئەمە جەنگەی ئێمە نییە و رێگە نادەین وڵاتەکەمان بۆ ناو ئەم جەنگە پەلکێش بکرێت. ستارمەر ئاماژەی بەوە کرد کە هەڵوێستی لەندەن تەنیا بەرگرییانەیە و سەرنجی سەرەکییان لەسەر کردنەوەی گەرووی ستراتیژیی هورمز دەبێت.
سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا گوتیشی: "ئەوەی ئێمە ئەنجاممان داوە گرتنەبەری رێکاری بەرگری بووە؛ تەنیا یەک بۆ دوو کاتژمێر دوای دەستپێکردنی جەنگەکە، فڕۆکەکانمان لە ئاسماندا بوون بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانی بەریتانیا و هاوپەیمانەکانمان لە ناوچەکەدا، بەڵام چوونە نێو جەنگێکی راستەوخۆ و زەمینی لە کارنامەی ئێمەدا نییە." ئەم لێدوانانە دوای ئەوە دێن کە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، رەخنەی توندی لە ستارمەر گرتبوو بەهۆی هاوکارینەکردنی واشنتن لە کەمپینە سەربازییەکەیدا.
لەلایەکی دیکەوە، نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی بەریتانیا رایگەیاند، کە لەگەڵ ئەمریکا لە هەموو ئاستەکاندا گفتوگۆ دەربارەی جەنگی ئێران بەردەوامە، بەڵام لەندەن تەنیا کار بۆ پاراستنی بەرژەوەندییە نیشتمانییەکانی خۆی و کەمکردنەوەی لێکەوتە ئابوورییەکانی شەڕەکە لەسەر خێزانە بەریتانییەکان دەکات. بڕیارە هەر ئەمڕۆ ستارمەر لەگەڵ گەورە بەرپرسانی کەرتی وزە و بازرگانی کۆببێتەوە بۆ تاوتوێکردنی مەترسییەکانی داخراویی گەرووی هورمز.
ئەم پاشەکشەیەی بەریتانیا لە کاتێکدایە کە سوپای ئەمریکا ئامادەکارییە سەربازییەکانی گەیاندووەتە لووتکە. بەپێی راپۆرتەکان، پێنتاگۆن چاوەڕوانی ئاماژەی ترەمپە بۆ دەستپێکردنی ئۆپەراسیۆنی زەمینی، و هەر رۆژی شەممەی رابردوو کەشتیی جەنگی "USS Tripoli" هەزاران سەربازی مارێنزی گەیاندە ناوچەکە، بەمەش کۆی گشتیی سەربازانی ئەمریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گەیشتە 50 هەزار کەس.