ریزبەندی ئەو هەڵبژاردانەی چاوەڕێ دەکرێت لە قۆناغی یەکەمی مۆندیال ماڵئاوایی بکەن

هالاند - مێسی - ڤینیسیۆس
هالاند - مێسی - ڤینیسیۆس

نزیکەی دوو مانگ بۆ دەستپێکردنی یارییەکانی مۆندیالی 2026 ماوە، کە بڕیارە لە هەرسێ وڵاتی ئەمریکا و کەنەدا و مەکسیک پاڵەوانێتیەکە بەڕێوەبچێت، ماڵپەری PLanetFootball پێشبینی بۆ ئەو 7 هەڵبژاردەیە کردووە، کە چاوەڕێ دەکرێت هەر لە قۆناغی کۆمەڵەکان ماڵئاوایی بکەن.

1- سکۆتلەندا
ئەو هەڵبژاردەیە دوای نزیکەی 28 ساڵ جارێکی دیکە بەشداری مۆندیال دەکاتەوە، سکۆتلەندا هەرگیز نەیتوانیوە لە قۆناغی کۆمەڵەکانی مۆندیال سەرکەوێت، بۆیە یەکێک لە بەهێزترین بەربژێرەکان بۆ ئەوەی هەر لە قۆناغی یەکەم ماڵئاوایی بکات.

2- کڕواتیا
هەرچەندە ئەو هەڵبژاردەیە تەنها هەڵبژاردەیە هاوشان لەگەڵ فەڕەنسا، دوو مۆندیالی رابردوو لەسەر گەیشتونەتە قۆناغی چوارگۆشەی زێڕین، بەڵام بە ئەگەرێکی زۆر لوکا مۆدریچ دوایین مۆندیالی دەبێت و جیلی سەردەمی خۆی کەس نەماوە، تەنها ئومێدی ئەو هەڵبژاردەیە گڤاردیۆلە بەڵام ئەویش پێکانی هەیە و ئەستەمە بۆ مۆندیال توانای جەستەیی بە تەواوەتی ئامادە بێت، هەروەها یەکێکی دیکە لەو هۆکارانەی وادەکات کڕواتیا بەربژێر بێت بۆ ئەوەی لە قۆناغی کۆمەڵەکان ماڵئاوایی بکات، بوونی دوو هەڵبژاردەی بەهێزە لەپاڵ ئەوان لە کۆمەڵەی دوازدەیەم ئەوانیش ئینگلاند و گانان.

3- ئەمریکا
راستە ئەوان یەکێک لە میواندارەکانی مۆندیالی 2026ـن، بەڵام شکست لە یارییە دۆستانەکەی بەرامبەر بەلجیکا ئەویش بە ئەنجامی 2-5 وایکردووە کەمترین کەس، بە تایبەت بەهۆی ئەو ئاستەی یاریزانەکانی هەڵبژاردەکە لەو یارییە پێشکەشیان کرد، هیوایان بەو هەڵبژاردەیە هەبێت کە بتوانێت قۆناغی کۆمەڵەکانی مۆندیالی 2026 تێپەڕێنێت.

4- نەرویج
ئەو هەڵبژاردەیە سەرەڕای ئەوەی توانی لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالی 2026 سەرجەم یارییەکانی بباتەوە، هەروەها پشبینی ئەوەی لێدەکرێت ببێتە ئەسپی رەشی پاڵەوانێتیەکە، بەڵام بەهۆی کوالێتی یاریزانەکانی چانسێکی کەمی هەیە بۆ ئەوەی بتوانێت، قۆناغی یەکەمی جامی جیهانی تێپەڕێنێت.

5- ئەرجەنتین
تانگۆ خاوەنی دوایین ناسناوی مۆندیالە، هەروەها ئەوان خاوەنی لیۆنێل مێسین کە لە تەمەنی 38 ساڵی ئاستێکی باش پێشكەش دەکات، بەڵام ئایا لیۆ دەتوانێت لەو مۆندیالە ئەو بەرپرسیارەتە گەورەیە دووبارە بگرێتە ئەستۆ؟ یەکێک لە هۆکارەکانی دیکە کە وایکردووە پێشبینی بکرێت تانگۆ لە قۆناغی یەکەم ماڵئاوایی بکات، دابەزینی ئاستی ماک ئالیستەر ناوەڕاستکاری هەڵبژاردەکەیە، هەروەها تاوەکو ئێستا هیچ شوێنگرەوەیەکی باشیش بۆ ئانخێل دی ماریا نەدۆزراوەتەوە، نیکۆلاس ئۆتامێندی بە تەمەنێکی زۆرەوە هێشتان بانگهێشت دەکرێت.

6- بەڕازیل
هەڵبژاردەی بەڕازیل تاکە هەڵبژاردەیە بەشداری سەرجەم مۆندیالەکانی کردووە، هەروەها سامبا تاکە هەڵبژاردەیە لەوەتەی مۆندیالی 1966 بە دواوە هەمیشە قۆناغی کۆمەڵەکانی بڕیوە. هەرچەندە ئەو هەڵبژاردەیە بە سەرکردایەتی کارلۆ ئانچێلۆتی هەندێک پێشڤەچوونی هەبووە، بەڵام لەم ساڵانەی دوایی بە روونی دابەزینی ئاستی ئەو هەڵبژاردەیە دیارە. هەروەها ئاستی هەڵبژاردەکە لە یارییە دۆستانەکەی بەرامبەر فەڕەنسا، هاندەرانی هەڵبژاردەکەی نائومێد کردووە.

7- ئەڵمانیا
زۆر شتێکی سەیرە کە هەڵبژاردەی ئەڵمانیا پاڵەوانی مۆندیالی 2014، لەو کاتەوە هەرگیز نەیتوانیوە لە قۆناغی کۆمەڵەکانی ئەم پاڵەوانێتیە سەرکەوێت، بۆیە چاوەڕێ دەکرێت دیسان هەمان چارەنوس رووبەڕووی ببێتەوە، هەروەها لە کۆمەڵەکەیان لە مۆندیالی 2026 هەردوو هەڵبژاردەی ئیکوادۆر و کۆتدیڤوار بەربژێرن بۆ سەرکەوتن لە قۆناغی یەکەم.