گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوە: هیچ گفتوگۆیەکمان لەگەڵ ئەمریکا نەکردووە

گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، لە ماوەی 31 رۆژی رابردوودا هیچ گفتوگۆیەکیان لەگەڵ ئەمریکا نەکردووە و جەختی کردەوە کە واشنتن لە رێگەی نێوەندگیرەکانەوە داوای دانوستانی ئاراستە کردوون.

ئەمڕۆ دووشەممە، 30ـی ئاداری 2026، ئیسماعیل بە قایی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند: لە ماوەی ئەم 31 رۆژەدا، هیچ دانوستانێکمان لەگەڵ ئەمریکا نەبووە، ئەوەی هەبووە، پێشکەشکردنی داواکاریی دانوستان بووە لەگەڵ کۆمەڵێک پێشنیار لەلایەن ئەمریکاوە، کە لە رێگەی چەند نێوەندگیرێکەوە، لەوانەش پاکستان، گەیشتوونەتە دەستمان."

سەبارەت بە هەڵوێستی فەرمیی تاران، گوتەبێژەکە رایگەیاند، "هەڵوێستی ئێمە زۆر روونە، ئێستا لە بارودۆخێکداین کە هێرش و دەستدرێژییە سەربازییەکانی ئەمریکا بە توندی بەردەوامن، بۆیە هەموو هەوڵ و توانای خۆمان بۆ بەرگریکردن لە قەوارە و خاکی ئێران تەرخان کردووە."

هەروەها لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بە وەدا "ئێمە ئەزموونەکانی رابردوومان بە هەموو بوونمانەوە هەست پێکردووە. ئەو ناپاکییەی کە لە ماوەی کەمتر لە ساڵێکدا و لە دوو کاتی جیاوازدا بەرامبەر دیپلۆماسی کرا، هەرگیز لەیاد ناکەین."