قائانی: جیهان لەبەردەم سیستەمێکی نوێدایە
ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودس لە سوپای پاسدارانی ئێران، رایگەیاند، جیهان دەبێت رابێت لەگەڵ سیستمی نوێی ناوچەکەدا و جەختی لە یەکگرتوویی بەرەی بەرگری وڵاتەکەی کردەوە.
سێشەممە 31ـی ئاداری 2026، ئیسماعیل قائانی فەرماندەی فەیلەقی قودس لە سوپای پاسدارانی ئێران کە لە ساڵی 2020ـەوە وەک جێگرەوەی قاسم سولەیمانی ئەرکی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە دەرەکییەکانی سوپای پاسدارانی گرتووەتە دەست، لە هەژماری خۆی لە پلاتفۆرمی "ئێکس" نووسیویەتی: "ئاواتی سەرکردە شەهیدەکانی بەرگری هاتە دی و ئێستا ژووری ئۆپەراسیۆنی بەرگری یەکگرتووە."
ئەم لێدوانەی قائانی لە کاتێکی هەستیاردایە، نزیکەی ماوەی مانگێکە ناوچەکە لەناو جەنگێکی سەرتاسەریدایە و تیایدا هێرشی ئەمریکی و ئیسرائیلی کراوەتە سەر قوڵایی خاکی ئێران، هاوکات ئەمە وەک ئاماژەیەک بۆ بەردەوامی هەماهەنگی نێوان گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ئێران لە ناوچەکەدا لێکدەدرێتەوە.
هەرچەندە پلاتفۆرمی "ئێکس" بە خێرایی هەژمارەکەی قائانی بە ناوی (general_Qaani) داخست، بەڵام ناوەڕۆکی پەیامەکە بە شێوەیەکی بەرفراوان بڵاوبووەوە، میدیا فەرمییەکانی ئێران و ئەو دەزگایانەی لە حکوومەتەوە نزیکن، راستی و دروستی لێدوانەکانیان پشتڕاستکردەوە و وەک هەڵوێستێکی فەرمی فەرماندەی فەیلەقی قودس مامەڵەیان لەگەڵ کرد.