عێراقچی: کاتی هاتووە هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە دەربکرێن
عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران، شانشینی سعوودیەی بە وڵاتێکی برا ناو دەبات و دەڵێت "ئێستا کاتی ئەوە هاتووە هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە دەربکرێن"
عێراقچی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس بە بڵاوکردنەوە وێنەیەکی فڕۆکە تێکشکاوەکەی ئەمریکای بڵاوکردووەتەوە و نووسیویەتی "هێرشەکانمان دژی دوژمنێکی دەستدرێژی کارە، کە رێز نە بۆ برا عەرەبەکان نە بۆ ئێرانییەکان دادەنێت، دوژمنێک کە لە بنەڕەتدا توانای دەستەبەرکردنی ئاسایشی ناوچەکەی نییە".
عێراقچی تێکشکاندنی فڕۆکەیەکی راداری ئەمریکی لە جۆری Boeing E-3 Sentry لە بنکەی ئاسمانیی شازادە سوڵتان لە شانشینی سعوودیە، وەک بەڵگەیەک هێناوەتەوە کە ئەمریکا ناتوانێت ئاسایشی هێزەکانی لە ناوچەکە بپارێزێت و دەڵێت " ئەوەی بەسەر سیستەمی فەرماندەیی ئاسمانی ئەوانمان هێناوە، بەسە بۆ ئەوە بیبینن، بۆیە کاتی هاتووە، هێزەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە دەربکرێن".
هەروا نووسیویەتی "ئێران رێزی سعوودیە دەگرێت و بە وڵاتێکی برای دەزانێت".
بە گوێرەی ئامارەکان لە یەک مانگی جەنگدا، ئێران 5200 هێرشی کردووەتە سەر وڵاتانی کەنداو، کە بەمشێوەیە:
ئیمارات
429 مووشەک
1914 درۆن
سعوودیە
57 مووشەک
1006 درۆن
کوەیت
309 مووشەک
616 درۆن
قەتەر
206 مووشەک
90 درۆن
دوو فڕۆکەی جەنگی
بەحرەین
174 مووشەک
391 درۆن
عومان
19 درۆن