دەستەی بازرگانی دەریایی بەریتانیا: کەشتییەکی گواستنەوەی نەوت لە نزیک دوبەی کەوتەوە گڕی گرتووە
دەستەی ئۆپراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیا (UKMTO) رایگەیاند، بەهۆی بەرکەوتنی تەقەمەنییەکی نادیار، ئاگر لە کەشتییەکی گواستنەوەی نەوت لە باکووری رۆژئاوای شاری دوبەی کەوتووەتەوە.
سێشەممە 31ـی ئاداری 2026، دەستەی ئۆپراسیۆنە بازرگانییە دەریاییەکانی بەریتانیا (UKMTO) لە بەیاننامەیەکی فەرمیدا، ئاماژەی بەوە کردووە، زانیارییان پێگەیشتووە سەبارەت بە رووداوێکی دەریایی لە دووری 31 میل لە باکووری رۆژئاوای کەناراوەکانی دوبەی.
بەگوێرەی بەیاننامەکە، بەرپرسێکی ئەمنی پشتڕاستی کردووەتەوە، کەشتییەکە بە تەقەمەنییەک پێکراوە و بووەتە هۆی کەوتنەوەی ئاگر لەسەر پشتی کەشتییەکە، بەڵام سەرجەم ئەندامانی نێو کەشتییەکە سەلامەتن و هیچ برینداربوونێک لە نێوانیاندا تۆمار نەکراوە.