هێرشێکی ئێران بووەتە هۆی ئاگرکەوتنەوە لە کەشتییەکی نەوتهەڵگری کوەیتی لە بەندەری دوبەی

ئاژانسی هەواڵی فەرمی کوەیت (کونا) ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاند، هێرشێکی ئێران بووەتە هۆی کەوتنەوەی ئاگر لە کەشتییەکی نەوتهەڵگری کوەیتی لە بەندەری دوبەی، ئەمەش لە کاتێکدایە تاران لە وەڵامی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، بەردەوامە لە هێرشەکانی بۆ سەر ناوچەی کەنداو.

ئاژانسەکە لە زمان "دامەزراوەی پەترۆڵی کوەیت"ەوە بڵاویکردەوە: "کەشتییە زەبەلاحەکەی نەوتی خاوی کوێتی بە ناوی (سالمي) لە ناوچەی 'مەخطاف' لە بەندەری دوبەی لە ئیمارات، رووبەڕووی ئامانجگرتنێکی راستەوخۆ و ناڕەوای ئێران بووەتەوە."

ئاژانسی (کونا) ئاماژەی بەوەش کردووە، هێرشەکە زیانی ماددی بە جەستەی کەشتییەکە گەیاندووە و بووەتە هۆی کەوتنەوەی ئاگر لەسەر پشتی کەشتییەکە، لەگەڵ هەبوونی ئەگەری دزەکردنی نەوت بۆ ناو ئاوەکانی دەوروبەری، بەڵام جەختی کردەوە کە "هیچ زیانێکی گیانی لێنەکەوتووەتەوە."

دواتر دەسەڵاتدارانی دوبەی رایانگەیاند؛ تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە سەرکەوتوو بوون لە کۆنتڕۆڵکردن و کوژاندنەوەی ئاگرەکە.

هاوکات، سوپای کوەیت ئەمڕۆ سێشەممە رایگەیاند؛ سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی وڵاتەکەیان خەریکی "بەرپەرچدانەوەی هێرشی مووشەکی و درۆن دوژمنکارانەن."