جەنگی ئێران و نەخشەی نوێی جیهان؛ گەمەی براوە و دۆڕاوەکان لە نێوان جیۆپۆلەتیک و ئابووریدا
ترسی هەڵگیرسانی جەنگ لەگەڵ ئێران تەنیا وەک ململانێیەکی سەربازیی سنووردار نابینرێت، بەڵکو وەک وەرچەرخانێکی مێژویی لێی دەڕوانرێت هاوسەنگییەکانی هێز لە سیستەمی جیهانیدا سەرلەنوێ دادەڕێژێتەوە. ئەم جەنگە تەنیا گۆڕەپانی شەڕ ناگرێتەوە، بەڵکو کاریگەرییە قووڵەکانی دەگەنە ناو جەرگەی بازاڕەکانی وزە و پێکهاتەی هاوپەیمانییە نێودەوڵەتییەکان.
بە گوێرەی راپۆرتێکی "سەنتەری چاکسازیی ئەوروپی" (CER)، رووسیا لە سەرووی لیستی براوەکانی ئەم دۆخەدایە. بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و غاز داهاتێکی خەیاڵی بۆ مۆسکۆ دابین دەکات، ئەمەش دەرفەتی پێ دەدات بەبێ پاڵەپەستۆی دارایی درێژە بە جەنگی ئۆکرانیا بدات.
لە لایەکی دیکەوە، ئیسرائیل هەرچەندە لایەنێکی سەرەکی جەنگەکەیە، بەڵام لە رووی ستراتیژییەوە بە براوە دادەنرێت؛ چونکە لێدان لە ژێرخانی سەربازیی ئێران، هەڕەشەی گرووپە هاوپەیمانەکانی تاران لە ناوچەکەدا کەم دەکاتەوە و پێگەی سیاسی ناتانیاهۆش لە ناوخۆدا بەهێزتر دەکات.
چین مۆدێلێکی ئاڵۆزتر پێشکەش دەکات. لە کورتخایەندا بەهۆی گرانیی وزەوە زیان دەکات، بەڵام لە مەودای دووردا وەک براوەیەکی ستراتیژی دەردەکەوێت. پەکین دەرفەتەکە دەقۆزێتەوە بۆ کەمکردنەوەی متمانە بە سیاسەتی ئەمریکا و خۆی وەک هاوبەشێکی جێگیرتر دەسەلمێنێت، هاوکات هەژموونی خۆی لە کەرتی وزە نوێبووەوەکان و تەکنەلۆژیای ئۆتۆمبێلی کارەبایی (وەک BYD) بەهێزتر دەکات.
گەلی ئێران: گەورەترین باجی ئەم جەنگە دەدەن لە رووی گیانی و تێکچوونی باری مرۆییەوە.
ئەوروپا: رووبەڕووی قەیرانی وزە و هەڕەشەی شەپۆلێکی نوێی کۆچبەران دەبێتەوە، ئەمەش سەقامگیری سیاسی کیشوەرەکە دەخاتە مەترسییەوە.
ئۆکرانیا: دەبێتە قوربانیی گۆڕانی ئەولەویەتەکانی ئەمریکا، چونکە هاوکارییە سەربازییەکان و سیستەمەکانی بەرگریی ئاسمانی لە کیێڤەوە بەرەو رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئاراستە دەکرێن.
ئەمریکا: هەرچەندە لە رووی پیشەسازی سەربازییەوە قازانج دەکات، بەڵام لە مەودای ناوەنددا بەهۆی تێچووی بەرزی جەنگ و لاوازبوونی "هێزی نەرم" و تێکچوونی پەیوەندییەکانی لەگەڵ هاوپەیمانەکانی، بە دۆڕاو هەژمار دەکرێت.
دکتۆر ئەحمەد مەعتی، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای VI Markets ئاماژە بەوە دەکات "جەنگەکان براوە و دۆڕاوی ئابووریی دروست دەکەن." کۆمپانیا گەورەکانی چەک وەک (Lockheed Martin) و کەرتی نەوت سوودمەندی یەکەمن. لە بەرامبەردا، کەرتی فڕۆکەوانی، گەشتوگوزار و وڵاتە تازەپێگەیشتووەکان بەهۆی دابەزینی بەهای دراوەکانیانەوە زیانی گەورە دەکەن.
حەنان رەمسیس، شارەزای بازاڕە داراییەکان، جەخت دەکاتەوە، چینی ناوەند و هاووڵاتیانی ئاسایی هەمیشە دۆڕاوی یەکەمن. بەرزبوونەوەی نرخی کاڵاکان، کەمبوونەوەی هێزی کڕین و قۆرخکاریی بازاڕەکان، ئەو بارە قورسانەن کە جەنگ دەیخاتە سەر شانی خەڵک، لە کاتێکدا چینە باڵاکان و وەبەرهێنەرە گەورەکان دەتوانن بە ئاسانی سەرمایەکانیان بۆ ناوچە ئارامەکان بگوازنەوە.
ئەم جەنگە تەنیا رووبەڕووبوونەوەیەکی سەربازی نییە، بەڵکو تاقیکردنەوەیەکی گەورەیە بۆ سیستەمی بەڕێوەبردنی ململانێ نێودەوڵەتییەکان. ئەنجامەکان ئاماژە بەوە دەکەن، نەیارە ستراتیژییەکانی رۆژئاوا، بەتایبەت رووسیا، زۆرترین سوود لەم پشێوییە وەردەگرن، لە کاتێکدا جیهان بە گشتیی بەرەو قۆناخێکی نادیار هەنگاو دەنێت.