ترەمپ ڤیدیۆی هێرشێکی گەورەی ئەمریکای بۆ سەر ئێران بڵاوکردەوە
بەرپرسێکی ئەمریکی ئاشکرای کرد، هێزەکانی ئەمریکا بە بەکارهێنانی بۆمبی هێزی "وشکێنەری قەڵاکان" (Bunker Busters)، کۆگایەکی گەورەی تەقەمەنییان لە ناوخۆی ئێران کردووەتە ئامانج. هاوکات دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە، کاتی هێرشەکە و تەقینەوەکان نیشان دەدات.
بەگوێرەی لێدوانی ئەو بەرپرسە بۆ رۆژنامەی "وۆڵ ستریت جۆرناڵ"، هێرشەکە کراوەتە سەر کۆگایەکی گەورەی چەک لە شاری ئیسفەهان، و تێیدا ژمارەیەکی زۆر لە بۆمبی جۆری "دزەکەر" بەکارهێنراون کێشی هەر دانەیەکیان دەگاتە دوو هەزار پاوەند و توانای بڕینی قاییمکارییە ژێرزەمینییەکانیان هەیە.
دۆناڵد ترەمپ، شەوی یەکشەممە لە رێگەی پلاتفۆرمی "تروس سۆشیاڵ"ەوە، بەبێ نووسینی هیچ کۆمێنتێک، ڤیدیۆیەکی بڵاوکردەوە، تێیدا زنجیرەیەک تەقینەوەی گەورە دەبینرێت کە ئاسمانی شەویان رووناک کردووەتەوە. بەرپرسە ئەمریکییەکەش پشتڕاستی کردەوە، ئەم ڤیدیۆیە بەڵگەی بە ئامانجگرتنی ئەو کۆگا ستراتیژییەی ئێرانە.
ئەم هێرشانە لە کاتێکدایە ماوەی مانگێکە جەنگ لە نێوان ئەمریکا و ئێران بەردەوامە. لەو ماوەیەدا هێزە ئەمریکییەکان زیاتر لە 11 هەزار ئامانجیان لە ناوخۆی ئێران پێکاوە، زۆربەیان ئەو شوێنانە بوون کە توانای هێرشبەریی ئێرانیان پێ لاواز دەکرێت.
سەبارەت بە چارەنووسی جەنگەکە، بەرپرسانی ئیدارەی ئەمریکا ئاماژەیان بەوە کردووە، ترەمپ ئامادەیی نیشانداوە بۆ کۆتاییهێنان بە جەنگەکە، تەنانەت ئەگەر گەرووی هورمز بە داخراویش بمێنێتەوە، و پرسی کردنەوەی گەرووەکە بۆ کاتێکی دیکە دوا بخرێت.
لەلایەکی دیکەوە، کازمی جەلالی، باڵیۆزی ئێران لە رووسیا، جەختی کردەوە، وڵاتەکەی دەستپێشخەری ئەم جەنگە نەبووە. راشیگەیاند؛ شۆڕشی ئیسلامی ئێران بۆ پاراستنی سەربەخۆیی بووە و تاران لە ماوەی 47 ساڵی ڕابردوودا باجێکی زۆری بۆ پاراستنی ئەو سەربەخۆییە داوە.