پێنتاگۆن رەتیکردەوە پێت هێگسێت پێش جەنگی ئێران پشکی کۆمپانیایەکی چەکی کڕیبێت

وەزیری جەنگی ئەمریکا تۆمەتبار کراوە بەوەی پێش هەڵگیرسانی جەنگی ئێران لە کۆمپانیاکانی چەک پشکی کڕیوە و پێنتاگۆنیش رەتیدەکاتەوە

پێگەی فەرمی پێنتاگۆن راپۆرتێکی گۆڤاری فایننشاڵ تایمزی بەریتانی رەتکردووەتەوە کە دەڵێت؛ پێت هێگسێت، وەزیری جەنگی ئەمریکا پێش ئەوەی جەنگی ئێران دەستپێبکات زانیویەتی جەنگ روودەدات، هەربۆیە پشكی لە کۆمپانیاکانی چەک کڕیوە بۆ ئەوەی قازانج بکات.

پێنتاگۆن راگەیەندراوێکی دەبارەی بابەتەکە بڵاوکردووەتەوە و تێیدا ئاماژە بۆ ئەوە دەکات؛ ئەوەی لەبارەی هێگسێتەوە گوتراوە هەمووی درۆیە و دەبێت فایننشاڵ تایمز ئەو راپۆرتە بسڕێتەوە.

پێش چەند رۆژێک فایننشاڵ تایمز راپۆرتێکی بنکۆڵکاری بڵاوکردەوە و تیایدا سەرنجی خستەسەر ئەوەی؛ پێش دەستپێکردنی جەنگی ئێران لەمانگی شوبات، پێت هێگسێت، بە بەهای ملیۆنان دۆلار پشکی لە کۆمپانیای بلاک هۆک و مۆرگان ستانلی کە تایبەتن بە دروستکردنی چەک کڕیوە، چونکە زانیویەتی جەنگ بەڕێوەیە و ئەم کۆمپانیایانە داهاتی باشیان دەبێت.