بەرزترین رێژەی هەڵاوسان لە مێژووی ئێران تۆمار کرا

ناوەندی ئاماری ئێران، نوێترین داتاکانی تایبەت بە بارودۆخی ئابووری بڵاوکردەوە، تێیدا دەرکەوتووە؛ رێژەی هەڵاوسانی مانگانە و ساڵانە گەیشتووەتە ئاستێکی پێوانەیی و بێوێنە لە مێژووی ئەو وڵاتەدا.

بەپێی ئامارە فەرمییەکان، لە مانگی رەشەمێی رابردوو کە دەکاتە دواین مانگی ساڵی هەتاوی، رێژەی هەڵاوسان گەیشتووەتە 71.8٪ کە بەرزترین رێژەی هەڵاوسانە.

ناوەندەکە، رێژەی هەڵاوسانی ساڵانەی بە 50.6٪ راگەیاندووە و ئەوەی خستۆتە روو، رێژەی هەڵاوسان لە مانگی رەشەمێ بەراورد بە مانگێک پێشتر، یان راستتر بڵێن رێژەی هەڵاوسان لە مانگی جەنگدا بەراورد بە مانگێک بەر لە جەنگ 5.6٪ زیادی کردووە.

دامەزراوەکەی ئێران رێژەی هەڵاوسان لە یەکەم مانگی زستانی بە 60٪  و لە دووەم مانگدا بە 68٪ راگەیاندبوو و تەنانەت ئاماژەی دابوو کە نرخی خۆراک 110٪ گرانتر بووە.

هێشتا ناوەندەکە بە وردی ئەوەی دەستنیشان نەکردووە نرخی خۆراک و پێداویستییە سەرەکییەکان بە چ رێژەیەک بەرز بوونەتەوە بەڵام رێژەی گرانبوونی پێداویستییە سەرەکییەکانی وەک گۆشت، رۆن، برنج، هێلکە و نان و دانەوێڵە و میوە لە 80٪ تا 193٪ گۆڕانکارییان بەسەردا هاتبوو.