کتێبی بۆنی ئەخلاق دەخرێتە بەر دیدی خوێنەران
نووسەر و توێژەر محەمەد جەمیل، نوێترین کتێبی خۆی لەژێر ناوی "بۆنی ئەخلاق" چاپ و بڵاوکردەوە.
سێشەممە، 31ی ئاداری 2026، محەمەد جەمیل، نووسەر و توێژەر، دەربارەی بڵاوکردنەوەی کتێبە نوێیەکەی بە کوردستان24ی گوت "ئەم کتێبە کۆمەڵێک بابەتی جیاواز لەخۆ دەگرێت، کە هەموویان پەیوەندییان بە ئەخلاقەوە هەیە، بە تایبەتی باس لە 60 رەفتاری ئەخلاقی دەکات کە لەم سەردەمەدا لە ناو کۆمەڵگەی کوردی روویداوە.
محەمەد جەمیل گوتیشی: هەوڵمداوە پانتایی ئەخلاقیی باش زیاد بکرێت، من لە رێگەی ئەم نموونانەوە هەوڵمداوە راستەوخۆ ئاگادارییەک دروست بکەم و خوێنەر بە ئاراستەی هەڵسوکەوتێکی باشتر ببەم.
محەمەد جەمیل گوتیشی "لە لاپەڕەکانی کتێبەکەمدا، تەنیا بە رەفتارە هەڵەکان نەوەستاوم، بەڵکو تیشکم خستووەتە سەر کەسایەتییە ئەخلاقییەکان، سوود و پاڵنەرەکانیان و گرنگیی ئەخلاق لە دروستکردنی کۆمەڵگەیەکی تەندروست و هاوسەنگ. ئەمەش وایکردووە کتێبەکە تەنیا بۆ خوێندن نەبێت، بەڵکو وەک رێنماییەک بۆ ژیانیش سوودی لێوەر بگیرێت."
ئەو نووسەرە باس لە گرنگی ناوەرۆکی کتێبەکە دەکات و دەڵێت "گرنگی ئەم بەرهەمە لەوەدایە کە سنووری تەمەن، چین و توێژ ناناسێت، واتە دەتوانرێت بەبێ جیاوازی بیر و بۆچوون، لەلایەن هەموو چین و توێژێکەوە بخوێنرێتەوە و سوودی لێوەر بگیرێت؛ بەم شێوەیە، بۆنی ئەخلاق دەبێتە کتێبێکی گشتی و نزیک لە هەمووان."
محەمەد جەمیل ئاماژەی بەوەش دا، "دەرکەوتنی ئەم جۆرە کتێبانە هیوایەکە بۆ بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری و پاراستنی بایەخە مرۆڤایەتییەکان لە کۆمەڵگەدا، کە لە ئەم سەردەمەدا زیاتر لە هەر کاتێک پێویستمان پێیەتی."
محەمەد جەمیل، نووسەر و توێژەر، لەساڵی 1980 لە شاری هەولێر لەدایک بووە. بڕوانامەی بەکالۆریۆسی لەبەشی زمانی ئینگلیزی، کۆلێژی ئاداب، زانکۆی سەلاحەدین لە ساڵی 2004 بەدەستهێناوە. خاوەنی 10 کتێبی چاپکراوە لە لە چەندین بواری جۆراوجۆردا.