ئیسرائیل کڕینی چەک لە فەرەنسا رادەگرێت
سێشەممە، 31ـی ئاداری 2026، کەناڵی "ئیسرائیل 24" بڵاویکردەوە، تەلئەبیب بڕیاری داوە کڕینی هەموو جۆرە چەکێک لە فەرەنسا رابگرێت.
کەناڵەکە هۆکارەکەشی بۆ هەڵوێستی دوژمنکارانەی پاریس لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا گەڕاندووەتەوە.
ئاماژەی بەوەش کردووە، راگرتنی پرۆسەی کڕینی چەک لەسەر فەرمانی یسرائیل کاتز، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل و ئەمیر بارعام، بەڕێوەبەری گشتیی وەزارەتی بەرگری بووە.
هەروەها روونیشی کردەوە، راگرتنەکە تەنیا ئەو گرێبەستانە ناگرێتەوە پێشتر واژوو کراون و تاوەکو ئێستا کاریان پێ دەکرێت.
لە بەشێکی دیکەی راپۆرتەکەدا ئەوەشی خستە روو، ئەم هەنگاوەی ئیسرائیل دوای زنجیرەیەک رووداو دێت لەگەڵ فەرەنسا، بەتایبەت دوای ئەوەی پاریس بەشداریکردنی ئیسرائیلی لە پێشانگەی یۆرۆستۆری بۆ ئاسایش لە مانگی حوزەیرانی 2024 و پێشانگەی یۆرۆناڤاڵ بۆ چەکی دەریایی لە مانگی تشرینی دووەمی 2024 قەدەغە کرد.
تاوەکو ئێستا هیچ لێدوانێکی فەرمی لەلایەن حکوومەتی ئیسرائیل و فەرەنساوە لەسەر ئەو زانیارییانە نەدراوە.
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەوانییەکان، فەرەنسا ساڵانە بە تێکڕا بە بڕی 20 ملیۆن یۆرۆ کەرەستەی سەربازی بە ئیسرائیل دەفرۆشێت.
لە ماوەی دوو ساڵی رابردوودا و بەتایبەت دوای دەستپێکردنی جەنگی غەززە، پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و چەند وڵاتێکی ئەورووپی گرژیی تێکەوتووە. لە مانگی تشرینی یەکەمی 2024، ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆککۆماری فەرەنسا داوای کرد ناردنی چەک بۆ ئیسرائیل رابگیرێت، ئەمەش کاردانەوەی تووندی تەلئەبیبی لێکەوتەوە.
هاوکات چەندین وڵاتی دیکەی ئەورووپی وەک بەریتانیا و هۆڵەندا بەهۆی پێشێلکارییە مرۆییەکان و مەترسییەکانی سەر ژیانی خەڵکی مەدەنی لە غەززە و کەناری رۆژئاوا، هەناردەکردنی چەک و کەرەستەی سەربازییان بۆ ئیسرائیل سنووردار کردووە یان رایانگرتووە.