فوئاد حوسێن: بڕیاری جەنگ لە دەستی گرووپە چەکدارەکاندا نییە

وەزیری دەرەوەی عێراق رایگەیاند: کە وڵاتەکەی بە فەرمی لە حاڵەتی جەنگدا نییە، بەڵام بەهۆی هەڵکەوتەی جوگرافی و فراوانبوونی ململانێکانی نێوان ئەمریکا و ئێران، بووەتە بەشێک لە گۆڕەپانی پێکدادانەکان.

سێشەممە، 31ـی ئاداری 2026، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق، لە چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ کەناڵی حەدەس گوتی: عێراق بەبێ بڕیارێکی فەرمی خۆی لە ناو جەنگێکدا بینیوەتەوە کە هۆکارەکەی "هەڵکەوتە جوگرافییەکەیەتی". 

هاوکات ئاماژەی بەوە کرد، کە ململانێکانی نێوان تاران و واشنتن گەیشتووەتە ناو خاکی عێراق و وڵاتانی کەنداو، ئەمەش وای کردووە عێراق ببێتە بەشێک لەو گرژییانە.

وەزیری دەرەوە جەختی کردەوە، کە گرووپە چەکدارەکان مافی بڕیاردانیان لە پرسە چارەنووسسازەکانی وەک جەنگ و ئاشتی نییە، بەڵکو لاوازیی کۆنترۆڵی ناوخۆیی بووەتە هۆی پەرەسەندنی گرژییەکان.

گوتیشی: "وڵاتانی دراوسێ وەک ئوردن و وڵاتانی کەنداو، ناڕەزایەتی توندیان لە بەرامبەر ئەو هەڕەشانە دەربڕیوە کە لە خاکی عێراقەوە ئاراستەیان دەکرێت."

فوئاد حوسێن جەختی لەوە کردەوە، که حکوومەتی عێراق هەر هێرشێک بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ به پێشێلکردنی دەستوور دەزانێت، هەروەها پێکهێنانی لیژنەی ئەمنی و سەربازییەکانی بۆ لێکۆڵینەوە لە هێرشەکان دووپات کردەوە.

هەروەها نیگەرانی خۆی نیشان دا لە ئەگەری کشانەوەی نێردە دیپلۆماسییەکان بەهۆی تێکچوونی دۆخی ئەمنی لە عێراق.

لەوەتەی جەنگی ئەمریکا و ئیسرائیل لەگەڵ ئێران دەستی پێکردووە، حەشدی شەعبی و گرووپە چەکدارە لە یاسادەرچووەکانی عێراق، هەمیشە باڵیۆزخانەی ئەمریکا، نێردە دیپلۆماسییەکان، بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکا و هاوپەیمانان لە عێراق و ناوچەکە دەکەنە ئامانج.

لە بەرانبەردا ئەمریکا چەندین جار بنکە و بارگەکانی حەشدی شەعبی و گرووپە چەکدارەکانی دیکەی عێراق، لە ناوچە و پارێزگا جیوازەکانی دیکەی عێراق بە ئامانج گرتووە و چەندین سەرکردەی دیاریان کوژراون.

ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.

بەڵام ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.