ترەمپ: هاوکاری ئەو وڵاتانە ناکەین کە لە کاتی تەنگانەدا لەگەڵماندا نەبوون

سەرۆکی ئەمریکا دەڵێت: کە واشنتن چیدیکە ئامادە نییە هاوکاریی ئەو وڵاتان بکات کە لە رابردوودا پشتیوانی ئەمریکایان نەکردووە، بە تایبەت لە کێشەی کەمیی سووتەمەنیدا.

سێشەممە، 31ـی ئاداری 2026، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، لە میانەی چاوپێکەوتنێکی تەلەفیزیۆنیدا، گوتی: ئەمەریکا چیدیکە هاوکاریی ئەو وڵاتانە ناکات کە ئێستا بە دەست کەمیی سووتەمەنییەوە دەناڵێنن، چونکە ئەوان کاتێک واشنتن پێویستی بە هاوکاری بوو، ئەو وڵاتانە بێهەڵوێست و بێدەنگ بوون.

ترەمپ ئاماژەی بەوە کرد، کە وڵاتانی جیهان بە تایبەتیی بەریتانیا کە بەهۆی ئاڵۆزییەکانی گەرووی هورمزەوە ناتوانن سووتەمەنی فڕۆکە دابین بکەن، دەبێت یان لە ئەمریکا سووتەمەنی بکڕن یان خۆیان بچن گەرووی هورمز کۆنترۆڵ بکەن.

ترەمپ گوتی: "ئەو وڵاتانەی سووتەمەنییان نییە، با بڕۆن و خۆیان نەوتی خۆیان بە دەست بهێنن." هەروەها باسی لەوە کرد کە ئێران بە ڕێژەیەکی زۆر تێکشکێندراوە و قۆناغە سەختەکە کۆتایی هاتووە. 

لە درێژەی قسەکانیدا، هێرشی کردە سەر حکوومەتی فەرەنسا و گوتی: "فەرەنسا رێگەی نەدا فڕۆکە هاوکارییە سەربازییەکانمان بەرەو ئیسرائیل بە ئاسمانی وڵاتەکەیدا تێپەڕن، ئەمریکا ئەم هەڵوێستەی فەرەنسا هەرگیز لەبیر ناکات."

ئەمەش لە کاتێکدایە، بەیانیی شەممە، 28ـی شوباتی 2026، ئەمریکا و ئیسرائیل هێرشی ئاسمانییان بۆ سەر ئێران دەست پێکرد و لە ئەنجامدا چەند سەرکردەیەکی وڵاتەکە کوژران.

بەڵام ئێران هەر زوو وەڵامی ئەو هێرشانەی دایەوە و وێڕای ئاراستەکردنی ژمارەیەک مووشەک بۆ ئیسرائیل، چەندین بنکە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکای لە وڵاتەکانی ناوچەکەدا کردە ئامانج.