بارسێلۆنا ئەو یاریزانەی ناوێت و ریاڵ مەدریدیش نایەوێت بیگەڕێنێتەوە
سێرخیۆ ئاریباس ناوەڕاستکارە بە تواناکەی یانەی ئالێمریا لە خولی پلە دووی وڵاتەکەی، سەرەڕای ئەوەی ئەم وەرزە توانیویەتی ئاستێکی باش لەگەڵ یانەکەی پێشکەش بکات، بەڵام هیچ یەک لە دوو زلهێزەکەی ئیسپانیا ئامادەنین ئەو یاریزانە بگوازنەوە.
ئاریباس یاریزانە تەمەن 24 ساڵانەکەی یانەی ئالمێریا کە لە خولی پلە دووی ئیسپانیا یاری دەکات، ئەم وەرزە لە کۆی 32 یاری بەشداری 27 گۆڵی کردووە، واتە خاوەنی 20 گۆڵ و حەوت ئاسیستە، بۆیە چاوەڕێ دەکرا یەکێک لە یانەکانی ریاڵ مەدرید یاخود بارسێلۆنا هەوڵی گواستنەوەی بۆ بدات.
ماڵپەری گۆڵی جیهانی بڵاویکردەوە ئاریباس ساڵی 2020 لە تیپی کاستیای ریاڵ مەدرید پەیوەندی بە ئالمیریا کردووە، واتە ئەو یاریزانە پێشگەیشتووی ئەکادیمیای ریاڵ مەدریدە و لە گرێبەستەکەشیدا ریاڵ مەدرید مەرجی بەدەستهێنانی ٪50 لە پارەی فرۆشتنەوەی داناوە.
گۆڵ بڵاویشی کردەوە یانە شاهانەکە بەهۆی هەبوونی کۆمەڵێک ناوەڕاستکار ئامادەنیە ئەو یاریزانەی ئەکادیمیاکەی بگەڕێنێتەوە و دەیەوێت هاوسەنگی لە هێلی ناوەڕاست بپارێزێت، بۆیە بە گواستنەوەی ئاریباس رەنگە دەرفەتێکی ئەوتۆی پێنەدرێت.
لەلایەکی دیکەوە یانەی بارسێلۆنا رەنگە ئەو یانەیە ئارەزووی هەبوونی یاریزانێکی لەمجۆرەی هەبێت، بەڵام مەدریدی بوونی ئاریباس بە ئەگەرێکی زۆرەوە رێگەی چوون بۆ کەتەلۆنیای لێدەگرێت و هەروەها کێشە داراییەکانی یانە کەتەلۆنیەکەش، رێگە بە گواستنەوەی ئەو یاریزانە بە توانایە نادەن.