هاوپەیمانیی مەسیحی داوای یەکخستنی گوتاری نەتەوەیی دەکات
هاوپەیمانیی مەسیحی لە عێراق و هەرێمی کوردستان، بە بۆنەی هاتنەوەی جەژنی ئەکیتۆ، سەری ساڵی بابلیی کلدانی راگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا جەختی لەسەر پاراستنی رەگ و ڕیشەی مێژوویی گەلە رەسەنەکەیان لە خاکی میزۆپۆتامیا کردەوە.
دەستەی سیاسیی هاوپەیمانیی مەسیحی لە عێراق و هەرێمی کوردستان، بە شادییەکی گەورە و بە پشتبەستن بە دەقە پیرۆزەکان کە دەفەرموێت: "بۆ هەموو شتێک سەردەمێک هەیە، بۆ هەر کارێکیش لە ژێر ئاسماندا کاتێک هەیە"، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی رۆڵەکانی گەلی کلدان و ئاشووری کرد بە بۆنەی جەژنی ئەکیتۆ، کە سیمبولی سەرکەوتنی رووناکی بەسەر تاریکیدا و نوێبوونەوەی سروشتە.
هاوپەیمانییەکە لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کرد، کە ئەکیتۆ گوزارشت لە ناسنامەیەکی شارستانیی قووڵ دەکات، کە تێیدا باپیرانی ئەم گەلە یەکەمین لاپەڕەکانی مێژووی مرۆڤایەتییان لە خاکی "بێث نەهرێن" نووسییەوە و بناغەی زانست، یاسا و گەردوونناسییان دانا.
هاوپەیمانییەکە جەختی کردووەتەوە، کە پاراستنی ئەم میراتە مێژووییە، تەنیا ئەرکێکی کولتووری نییە، بەڵکوو بەرپرسیارێتییەکی سیاسی و نیشتمانییە بۆ رێگریکردن لە پەراوێزخستنی ئەم پێکهاتە رەسەنە.
هاوپەیمانیی مەسیحی ئاماژەی بەوەش کردووە، کە کاروانی سیاسییان لە بەهاکانی باوەڕی کریستیانییەوە سەرچاوە دەگرێت، کە لەسەر بنەمای خۆشەویستی، دادپەروەری و ئاشتی دامزراوە.
دەستەی سیاسیی هاوپەیمانیی مەسیحی، دەڵێت: کە ئەرکی ئەوان داکۆکیکردنە لە مافی هەموو پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکان بێ جیاکاری، بە مەبەستی بنیادنانی کۆمەڵگەیەک کە کەرامەتی مرۆڤ تێیدا پارێزراو بێت.
هاوپەیمانیی مەسیحی، لە راگەیەنراوەکەدا، داوای لە هەموو رۆڵەکانی گەلەکەیان کردووە کە دەست بە رەگ، ریشە، زمان و کولتووری خۆیانەوە بگرن.
هەروەها بانگەوازی بۆ تەواوی هێزە سیاسییەکان و کەسایەتییە ئەکادیمییەکان کردووە کە ریزەکانیان یەکبخەن، چونکە هێزی ئەم پێکهاتەیە لە یەکگرتووییدایە.
هاوپەیمانییەکە هیوای خواست ئەم جەژنە ببێتە سەرەتایەکی نوێ بۆ چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیری لە هەرێمی کوردستان، عێراق و تەواوی جیهاندا.
جەژنی ئەکیتۆ, 12 رۆژ بەردەوام دەبێت و لە هەرێمی کوردستان دا هاووڵاتییانی مەسیحی بە چەندین چالاکی جیاواز لەم جەژنە خۆشی خۆیان دەردەبڕن.